پۆلیسی سلێمانی: چونی "هێزە ڕەشەکە" بۆ ناو زانکۆی سلێمانی دورە لە ڕاستییەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیسى سلێمانى لە رونکردنەوەیەکدا هۆکارى شەڕەکەى ناو زانکۆى سلێمانى بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: هێزە رەشەکە نەچووەتە ناو زانکۆى سلێمانى و ئەو هەواڵانە دورن لە راستىیەوە.
پۆلیسى سلێمانى لە رونکردنەوەکەیدا رایگەیاندووە، "دوای ئەوەی لەچەند پەیجێک لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان كە نازانرێت سەر بە چ كەس و لایەنێكن و بە چ مەبەستێک كاردەكەن، هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاوكردۆتەوە كە گوایە لەناو زانكۆی سلێمانیدا شەڕو ئاڵۆزیی دروستبوەو ھێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی (هێزە ڕەشەكە) چونەتە ناو زانكۆ، لێرەوە بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە هێزە ڕەشەكە نەچۆتە ناو زانكۆو هیچ شوێنێكی تر."
دەشڵێت: ئەوەى رویداوە ئەوەیە کە ئەفسەرێكمان بەناوی ( نەقیب هاوژین ) میوان بووە لەزانكۆی سلێمانی و بانگهێشتكراوە بۆ ئاهەنگی دەرچونی خوێندكاران و هێرشیانكردۆتەسەری و دواتریش ڕێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەر.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکى ڤیدیۆیى بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا شەڕو ئاڵۆزى دەردەکەوێت و لە هەندێ پێگەش بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هێزێک چووەتە ناو زانکۆى سلێمانى.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "داوا لەپەیج و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین لەکاتی هەر ڕوداوێکدا بگەڕێنەوە بۆ پۆلیسی سلێمانی و وتەبێژی ڕەسمی بەڕێوەبەرایەتیمان و هەر هەواڵێکیش بەناوی سەرچاوەو زانیارییەوە بڵاوبکرێتەوە ئێمە ڕەتی دەکەینەوە".
