عێراق لەسەر ڕێگری لە پەرلەمانتارێكی هەدەپە وەڵامی فڕۆكەخانەی هەولێر دەداتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جیهاد کازم، بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵات فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لەوەڵامی رێگریکردن لە پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەڵێت، "فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕوی تەکنیکییەوە سەر بە بەغدان نەک لە روی کارگێڕییەوە و هیچ پەیوەندییەکمان بە رێگریکردن لە هاتنە ژورەوە یان دەرچونی گەشتیارەوە نییە".
جیهاد کازم ئەمڕۆ دوشەممە لە لێدوانێکدا بە رۆژنیوز-ی راگەیاند "فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕوی تەکنیکییەوە سەر بە بەغدان نەک لە روی کارگێڕییەوە و ئەوانیش تەنها ڕێنمایی لە دەسەڵاتی فیدڕاڵی وەردەگرن".
ئەمەش لەوەڵامی ئەو لێدوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە کە شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند ، "لەسەر داوای بەغدا رێگریمان لە هاتنەژورەوەی پەرلەمانتارێکی هەدەپە کردوە"، بەرپرسی راگەیاندنی دەسەڵات فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق وتی، "هیچ پەیوەندییەکمان بە رێگریکردن لە هاتنە ژورەوە یان دەرچونی گەشتیارەوە نییە".
هاوکات شەوی رابردو ناهیدە ئەرمیش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، "پەرلەمانتاری هەدەپە حەسەن ئوزگونێش لە شاری شەرناخ لە ڕێگای فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاتوەتە هەێمی کوردستان، بەڵام هێزەکانی فڕۆکەخانە ناهێڵن بەچێتە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە".
هەر ئەمڕۆ ناهید ئارمیش، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕێگری لە هاتنی پەرلەمانتاری هەدەپە حەسەن ئۆزگونس بۆ هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردوە، عێراق ناتوانێت ڕێگری لە هاتنی کەسانی فەرمی بکات بۆ ناو هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر بڕیار بدات، لێرە دەسەڵاتێکی بەڕێوەبەری کوردی هەیە و جێبەجێ ناکرێت".
