دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی: ژمارەی دەنگدەرانی سلێمانی کەمکراوەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند جیاوازی لە ئامارەکانی ژمارەی دەنگدەرانی هەولێر و سلێمانی هەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێم .
رزگار حاجى حەمە لێپرسراوى دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان رایگەیاند، "زۆربەى لایەنە سیاسییەکان کێشەیان لەگەڵ یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێم هەیە، چونکە یاسایەکى کۆنە و سەرجەم هەڵبژاردنەکانى رابردوى پێ ئەنجامدراوە و نادادى زۆرى خستووەتەڕو و گرفتى زۆر گەورەى هەیە چ لە دەنگدەرو ژمارەى کورسى و چ لە گۆڕانى دەنگ بۆ کورسى."
ئەو هەواڵانەشی ڕەتکردەوە کە یەکێتی یاساکەی کردبێتە بیانو بۆ دواخستنى هەڵبژاردن و دەڵێت "ئێمە ئامادەى هەڵبژاردنین، بەڵام بەو یاسایە نا، چونکە گرفتى گەورەى تێدایە و دەبێت چارەسەر بکرێت."
هاوکات دەزگاى هەڵبژاردنى ئەو حزبە بڕواى بە ئامارەکانى وەزارەتی پلاندانانی هەرێم نییە لەگەڵ ئەوەی ئەو وەزارەتە لای خۆیانەو داوا دەکات ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەکاربهێنرێت .
بە پێی ئەو داتایانەی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بڵاویکردۆتەوە جیاوازییەکان بەم شێوەیەیە لە ژمارەی دەنگدەراندا :
ئامارى دانیشتوانى هەرێم بەپێى وەزارەتى پلاندانانى کوردستان:
هەولێڕ دوو ملیۆن و 254 هەزار و 422 کەس
سلێمانى و هەڵەبجە 2 ملیۆن و 268 هەزار کەسە
دهۆک یەک ملیۆن و 648 هەزار و 611 کەسە
ئامارى دانیشتوانى هەرێمى بەپێى وەزارەتى پلاندانانى عیراق:
هەولێر دوو ملیۆن و 55 هەزار و 448 کەسە
سلێمانى دوو ملیۆن و 396 هەزار کەس
دهۆک یەک ملیۆن و 432 هەزار
بەپێى ئامارى هەردوو وەزارەت دەردەکەوێت، دانیشتوانى هەولێر زیاتر لە 198 هەزار جیاوازى هەیە، واتا بەپێى ئامارى پلاندانانى عێراق دانیشتوانى هەولێر 198 هەزار کەمترە لەو ئامارەى کە وەزارەتى پلاندانانى هەرێم هەیەتى، سلێمانیش بەپێى هەردو ئامار 128 هەزار جیاوازى هەیە، واتا دانیشتوانى سلێمانى بەپێى ئامارى هەرێم 128 هەزار کەمى هەیە، دهۆکیش 369 هەزار و 216 دەنگ جیاوازى هەیە و بەپێى ئامارى هەرێم زیاترە.
دەشڵێت، "لەتۆماری دەنگدەرانی هەرێم لەدایکبوانی ساڵانی (2001 تا 2005) تۆمارنەکراون، ئەگەر ژمارەی ئەو لەدایکبوانەش هەژماربکرایە لەسنوری پاریزگای سلێمانی مافی دەنگدان بۆ زیاتر لە 100 هەزار دەنگدەر دەگەڕایەوە".
ڕزگار حاجی حەمە وتیشی ،" تۆمارى دەنگدەران و یاساى هەڵبژاردن و بازنەکانى هەڵبژاردن و کورسى پێکهاتەکان، هەمویان گرفت و کێشەیان هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێن."
هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە "وەک یەکێتى لارییان نییە لە هەڵبژاردن، بەڵام ناکرێت هەڵبژاردن بە ئامارێک بکرێت کە لە دهۆک و هەولێر ژمارەى دانیشتوان زیادکرابێت و لە سلیمانى کەم کرابێتەوە."
لێپرسراوى دەزگاى هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوەشی ئاشکراکرد"، ئەگەر هەڵبژارن بە چواربازنەیى بێت سلێمانی و هەڵەبجە 45 ئەندامی دەبێت و هەولێر 39 ئەندامی دەبێت، دهۆکیش 27 ئەندام."
