پارتی بایکۆتی کۆبونەوەی لایەنە كوردیەكانی كەركوكی لەگەڵ نەتەوەیەكگرتوەكان کرد

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ تاوتوێکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دۆخی نێوخۆی کەرکووک، ئەمڕۆ حیزبە کوردستانییەکان لەو شارە بە بەشداری نوێنەری یونامی کۆدەبنەوە بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئایار، حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک بڕیار بوو لەگەڵ یۆنامی سەبارەت بە پرسی کەرکووک و تەعریب و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و کێشە و گرفتەکانی دیکە کۆببنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو، بەڵام بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد و بەشداری نەکرد.
سەبارەت بە هۆکاری بایکۆتکردنەکەی پارتی، مەسعود مەلاپەروێز بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە لە کەرکووک بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە " هۆکاری بایکۆتکردنمان بەهۆی مامەڵەی نەشیاوی پاسەوانەکانی دیوانی پارێزگا بووە کە مامەڵەیەکی گونجاویان لەگەڵ شاندەکەی پارتی نە کردووە و ئەوانیش بە سووکایەتییان زانیوە و بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردوە."
ئەو بەرپرسەی پارتی وتوشێتی"ئەوەی کراوە بە بڕیاری ڕاکان جبووری بووە چونکە ئەوان لە کۆبوونەوەی ڕابردوو لەگەڵ یۆنامی گەندەڵییەکانی پارێزگاری کەرکووکیان بە بەڵگەوە خستووەتەڕوو، بۆیە کێشەی بۆ بەشداریکردنیان دروست کردووە، گوتیشی: پارتی هەڵوێستی دەبێت و لەسەر ئەم بابەتە بەیاننامەی فەرمی دەبێت."
هاوکات سەبارەت بەبەشداری پارتی لەو كۆبونەوەیە، رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە خەندانی راگەیاندووە "پارتی لەكەركوك نیە تا بەشداری بكات، جاری پێشو لەكۆبونەوەكەدا لەسەر خواستی خۆیان بەشداربون و لەو كۆبونەوەیە نوێنەرەكانیان داوایانكرد، بارەگاكانیان پێبدرێتەوە".
رۆژی 5ی (شوبات/2)ی 2023 نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە كەركوك (یۆنامی) لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردیەكانی پارێزگاكە كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەدا نوێنەرانی كورد، رەخنە و گلەییەكانیان لەئیدارەی ئێستای پارێزگای كەركوك بەسەرۆكایەتی راكان جبوری گرت.
هەر لەو كۆبونەوەیەشدا كە پارتی لەڕێگەی چوار نوێنەرەوە داوایكرد، بارەگاكانیان پێبدرێتەوە كە ئێستا بەشێكیان هێزەكانی سوپای عێراقیان تێدا جێگیركراوە.
