سەعید كاكەیی بۆ هاوڵاتی: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان تەمەنی هەرێمی كوردستان كورتتر دەكاتەوە

12 مانگ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال

سەعید كاكەیی ئەندامی پێشووی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن، ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لیستی دەنگدەرانی عێراق لەوەی هەرێم پاكترو دروسترەو دەشڵێت:" دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی هەرێم كورتتر دەكاتەوە".

سەعید كاكەیی لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:" هەڵبژاردنی هەرێم بەفرەبازنەیی بكرێت باشترە"، دەشڵێت:" بەچەند ڕێگایەك دەتوانرێت رێگری لەساختەكاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت".

هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە "خەڵك كەمتر بچێت بۆ دەنگدان نرخی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان كەمدەبێتەوە و كەسی ناشایستە دەگاتە پەرلەمان".

هاوڵاتی: پێتانوایە لە 18-11-2023 دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت؟

سەعید كاكەیی: وەكو پێداویستیەكی سەرەكی و هەرە گرنگ پێویستە دەبێت لەو وادەیە تێنەپەڕێت، بەڵام بەپێی چ سیستەم و یاساو رێسایەك جارێ كۆمسیۆن خۆی كارا نەكراوەتەوە، یاساكەش تانەی لێدراوە لەگەڵ تازەكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت، بۆیە ئەنجامی تانەكان كات و شێوازی هەڵبژاردنەكە دەستنیشان دەكات، بۆیە ئەستەمە تا تانەكان یەكلایی نەبنەوە بڵێین لەكاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.

هاوڵاتی: پێتوایە پارتی و یەكێتی سازان دەكەن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن؟

سەعید كاكەیی: ئەگەر لەحاڵەتێكدا تانەكان لەدادگای فیدراڵی رەتكرایەوە، بەڵێ بێگومان دەبێت لەوكاتەی دیاریكراوە دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، بەڵام ئەگەر ئەو تانانەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆن كراون تێپەڕێندرێن ئەگەرێكی زۆرە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكات.

هاوڵاتی: ئایا كۆمسیۆنی بەغدا دەتوانێت بەو ئاسانییە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بكات؟

سەعید كاكەیی: زۆر بەئاسانی دەتوانن ئەو كارە بكەن، ئەوان لە 16 پارێزگا كادرو پسپۆڕو كەسی هونەرییان هەیە كەدەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێم دەستەبەر بكەن.

داوا دەکەم لەگەڵ کارتی نیشتیمانی کارتی بایۆمەتری بەکاربهێنرێت بۆ دەنگدان

ئەگەر بێت و كۆمسیۆن و كارمەندانی هەرێم دووربخرێنەوە ئەوان دەتوانن جێگەیان بگرنەوە، لەوانەشە كەسانێك هەبن رەخنە لەم قسەیەم بگرن، بەڵام هەرێمی كوردستان قەوارەیەكە لەچوارچێوەی عێراقدا بۆیە ئەوەی لەسەر هاووڵاتیەكی بەسرە جێبەجێ دەكرێت لەسەر هاووڵاتییەكی دهۆكیش جێبەجێدەكرێت، ئەگەر كۆمسیۆنی بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكات دەبێت ببێتە وانەیەك بۆ كۆمسیۆنی هەرێم كە بەخۆیاندا بچنەوەو گۆڕانكاری بكەن.

هاوڵاتی: پێتوایە لیستی تۆماری دەنگدەرانی عێراق تا چ رادەیەك لەوەی هەرێم پاكترە؟

سەعید كاكەیی: ئەوەی عێراق لەئێستادا پاكترین و دروستترین داتایە، بۆیە خۆشم داكۆكی لەوە دەكەم كەئەوەی عێراق بەكاربهێندرێت نەك لیستی دەنگدەرانی هەرێم، چونكە ئەوەی هەرێم زیادەڕەوی زۆری تێدایەو لەهەمان كاتیشدا داوا دەكەم لەگەڵ كارتی نیشتیمانی كارتی بایۆمەتریش بەكاربهێندرێت بۆ دەنگدان، كارتی نیشتیمانی مەبەست لێی رێگریكردنە لەساختەكاری كەپێشتر رەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بۆ ئاوارەكان دەركراوە، كارتی نیشتیمانی وابەستەیە بەسەرژمێری گشتی،  بەڵام رەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بنەڕەتی نییە.

هاوڵاتی: بۆ خەڵك هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەچوار بازنە یاخود یەك بازنە بكرێت باشترە؟

سەعید كاكەیی: پێمباشە هەر بەپێی دەستوری عێراق كە لەماددەی 49 و بڕگەی ئەلف دەستنیشان كراوە بۆهەر 100 هەزار هاووڵاتییەك نوێنەرێك هەبێت و بەپێی دانیشتوانی پارێزگاكان بازنە دەستنیشان بكرێت، واتە لەگەڵ فرە بازنەییدام، ئەگەر فرە بازنەییش نەكرێت، لانیكەم لەگەڵ هەشت بازنەییدام، واتە چوار پارێزگاكەی هەرێم و چوار ئیدارە سەربەخۆكەی هەرێم، واتا هاوشێوەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێرو دهۆك و هەڵەبجە ( ئیدارەی (گەرمیان، راپەرین، سۆران، زاخۆ) بازنەی تایبەت بەخۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی نوێنەری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بگەنە پەرلەمان و نوێنەرایەتی راستەقینەی ناوچەكانی خۆیان بكەن. 

پێشتر ڕەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن دەرکراوە

هاوڵاتی: بەردەوام لایەنەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی گلەیی لەئەنجامدانی ساختەكاری هەڵبژاردن دەكەن، پێتانوایە بەچ رێگایەك رێگری لەساختەكاریەكان دەكرێت؟

سەعید كاكەیی: یەكەم رێگا ئەوەیە كەداتاكانی كۆمسیۆنی عێراق بەكاربهێندرێت، دووەم رێگاش ئەوەیە كارتی نیشتیمانی و بایۆمەتری بەكاربهێندرێت، سێیەم رێگا فرەبازنەیی بێت، چوارەمیش پرسی بایكۆت لەمێشكی دەنگدەردا نەمێنێت، چونكە لەعێراق نە یاسایەك نە رێسایەك هەیە رێژەیەك دەستنیشان بكات بۆ بەشەرعیبوونی هەڵبژاردنەكان، واتا ئەگەر بێت و لەسەدا یەكی خەڵكیش بەشداری هەڵبژاردن بكەن لەعێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەو ئەنجامە قبوڵە.

 بۆیە باشترین رێگا بەشداری كارای خەڵكە لەهەڵبژاردن، خۆ هەموو حزب و كاندیدەكان گەندەڵ نین و دەتوانرێت ئەگەر حزبەكەشی بەدڵ نەبێت دەنگدەرەكە كاندیدێكی ناوچەكەی خۆی هەڵبژێرێت، بەوەش بەدوو رێگا رێگری لەساختەكاری دەكرێت یەكەم كەلێن دروست ناكەیت تاحزبەكان ساختەكاری بكەن، هەروەها ئەگەر خەڵك كەمتر بچێت بۆ دەنگدان نرخی كورسییەكان كەمدەبێتەوەو كەسی ناشایستە دەگاتە پەرلەمان.

هاوڵاتی: یەكێتی دەڵێت سلێمانی و هەڵەبجە بەپێی تۆماری دەنگدەرانی بەغداو بەچوار بازنەیی 45 كورسییان بەردەكەوێت، بەڵام ئەگەر یەك بازنە بێت 38 كورسییان بەردەكەوێت ئەم قسەیە تاچەند دروستە؟

سەعید كاكەیی: بەپێی یاسا بەرقەرارەكان شتی وانییە، هەرێمی كوردستان بریتییە لەچوار پارێزگا كەواتە بەپێی دانیشتوان كورسیەكان بەسەر دەنگدەران و دانیشتواندا دابەشدەكرێت.

هاوڵاتی: ئەگەر هەڵبژاردن دواخرا پێتانوایە ئەمریكاو وڵاتانی رۆژئاوا تێڕوانینیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت؟

سەعید كاكەیی: كەسایەتی مەعنەوی هەرێم لەدەرەوە لێی دراوە، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە پێگەی هەرێمی خستووەتە ژێر گومانەوە، بۆ ئەوەی ئەو كەسایەتی و پێگەیە بگەڕێتەوە ئەركەكە دەكەوێتە سەرشانی دەنگدەران و داكۆكی لەوەبكەن هەڵبژاردن بەزووترین كات بكرێت و بەشداری كارایان تێیدا هەبێت، یەك رۆژ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێگەی ئەم هەرێمە كەمترو تەمەنی كورتتر دەكاتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار