ئۆتۆمبێل بەقیستی شەش ساڵ دەدرێتە كارمەندانی تەندروستی

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆمپانیایەك بەقیست ئۆتۆمبێل دەداتە كارمەندانی تەندروستی و سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستیش دەڵێت داشكاندن بۆ كارمەندان كراوەو لایەنی سێیەم لەنێوانیاندا نییەو پێشیوابوو كە» هیچ كێشەیەكی شەرعی و یاساییشی نییە».
كۆمپانیایەكی چینی نرخی ئۆتۆمبێلەكانی لەنێوان 10 هەزار بۆ 30 هەزار دۆلاردایەو بەتێكڕا بەپێدانی قیست بۆ كارمەندانی تەندروستی لەسەدا 8%ی دەچێتە سەر، واتا ئەگەر ئۆتۆمبێلێك بە 15 هەزار دۆلار بێت، بڕی هەزارو 200 دۆلاری دەخرێتەسەر.
هاوژین عوسمان سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو ئۆتۆمبێلانە نزیكەی 15 جۆرن و هەریەكەو نرخێكە و بەپێی كوالێتیی و تایبەتمەندییەكەی دەگۆڕێت و لیستیان لەگەڵدایە».
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد گرانترین نرخی ئوتومبێل دەگاتە 30 هەزار دۆلار و كارمەندانی تەندروستی دەتوانن پێشەكی ئۆتۆمبێلەكان كە كۆمپانیا بە 40% ی دیاری كردووە زیاتر بدەن، ئەوەش دەكەوێتە سەر بارودۆخی دارایی كارمەندانی تەندروستی.
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو گرێبەستەكە كاتی بۆ دیارینەكراوەو پشتیوانی هەموو كارمەندو فەرمانبەرێكی كەرتی تەندروستی حكومی و گشتی دەكەن، وتیشی:»بە مەرجێك گرەنتی مووچەكەی خۆیان بكەن و ئەم مامەڵەیە هیچ كێشەیەكی شەرعی و یاسایی نییەو لایەنی سێیەمیش (بانك) لەنێوانیاندا نییە.
«هەر كەسێك ئەندامی سەندیكا نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام فۆڕمێكی پێ پڕدەكرێتەوەو 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلەكە بەقیست وەردەگرن جگە لەوەی هەزار دۆلاری بەدەستی بۆ دەگەڕێتەوە پارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەش كۆمپانیا دەیدات و بەقیستی شەش ساڵ پارەكەی دیكەی دەدرێت»، هاوژین عوسمان وادەڵێت.
بەوتەی هاوژین عوسمان كۆمپانیای «چێری» كەكۆمپانیایەكی وڵاتی چینە، وەرشەیەكی تایبەت بەچاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانی دامەزراندووە و بەپێی رێككەوتنەكەش تاشەش ساڵ گرەنتی بزوێنەرو گێڕو كارەبایی ئۆتۆمبێلەكان دەكرێت.
