پۆلیسی راپەڕین هۆکاری مردنی کچێکی 11 ساڵ لە زێی بچووک ئاشکرادەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، دوای دیارنەمانی کچێکی تەمەن 11 ساڵ، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە زێی بچوک لە ناوچەی خاس دۆزرایەوە، دوای لێکۆڵینەوەش دەرکەوت، باوەژنەکەی لەگەڵ خوشکێکیدا تۆمەتباری سەرەکین و خنکاندویانە.
پۆلیسی ڕاپەرین لەڕونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، "دوێنی چوارشەممە لە کاتی ئێوارە ژنێک بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ دانیشتوی شاری هەولێر کە پێشتر بەسەردان هاتۆتەوە بۆماڵی باوکیان لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ کچەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕینی کردوە و هەواڵیدا بەوەی کە زڕکچەکەی بەناوی (ئ،ئ،م) تەمەن 11 ساڵ دیارنەماوە و ونبوە، دەستبەجێ هێزەکانمان لە قەزای پشدەر دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دیارنەمانی کچەکە".
پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، دەرکەوت کە ونبوونی کچەکە گوماناویە و دوای چوار کاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی هێزەکانمان خوشکێکی باوەژنی تاوانلێکراویان دەستگیرکرد کە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و دانیشتووی قەڵادزێیە، دوای ئەوەی لێکۆڵیەنەوەی لەگەڵ کرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی کە "پێش نیوەڕۆی دوێنی لەسەر راسپاردەی خوشکەکەی بەمەبەستی خنکاندنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە لەماڵی خۆیان بردوویەتی بۆ زێی بچووک لە خاس، بەگەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراخ ئاوەکە پاڵی بەکچەکەوە ناوە بەمەبەستی خنکاندنی و بەو هۆیەشەوە خنکاوە کە پێشتریش چەند جارێک هەوڵی کوشتنی ئەو کچەیان داوە".
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بە وتەی باوکی کچە خنکاوەکە کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "کاتێک کچەکە تەمەنی تەنها شەش مانگ بووە، هەڵیگرتووەتەوە و بە یاسا کردوویەتی بە کچی خۆی و کاتێکیش منداڵەکە تەمەنی بووە بە هەشت ساڵ، باوکەکە هاوسەرگیری لەگەڵ باوەژنەکەی کردووە و ئێستا سکاڵای هەیە لە دژی ژنەکەی و خوشکی ژنەکەی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، تەرمی کچەکە لە ئاوی خاس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دۆزرایەوە و بەڕێکرا بۆ پزیشکی دادوەری بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی و دوو تۆمەتباریش کە هەردووکیان خوشکن بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوامە.
