سەعید کاکەی: تا تانەکان یەکلا نەکرێنەوە ئەستەمە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت
ئەگەرێكی زۆرە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكات.

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەعید كاكەیی ئەندامی پێشووی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی ڕایگەیاند ئەگەرێكی زۆرە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكات.
سەعید كاكەیی لە وڵامی پرسیاری کە پێیانوایە لە 18-11-2023 دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت بە هاوڵاتی وت، "ئەستەمە تا تانەكان یەكلایی نەبنەوە بڵێین لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت"
وتیشی "وەكو پێداویستیەكی سەرەكی و هەرە گرنگ پێویستە دەبێت لەو وادەیە تێنەپەڕێت، بەڵام بەپێی چ سیستەم و یاساو رێسایەك جارێ كۆمسیۆن خۆی كارا نەكراوەتەوە، یاساكەش تانەی لێدراوە لەگەڵ تازەكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت، بۆیە ئەنجامی تانەكان كات و شێوازی هەڵبژاردنەكە دەستنیشان دەكات، بۆیە ئەستەمە تا تانەكان یەكلایی نەبنەوە بڵێین لەكاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت."
هەروەها سەبارەت بە ئەگەری سازکردنی پارتی و یەكێتی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن ئەو شارەزایە پێی وایە ئەگەر لەحاڵەتێكدا تانەكان لەدادگای فیدراڵی رەتكرایەوە، دەبێت لەوكاتەی دیاریكراوە هەڵبژاردن ئەنجامبدەن.
ئەوەشی ڕونکردەوە، "بەڵام ئەگەر ئەو تانانەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆن كراون تێپەڕێندرێن ئەگەرێكی زۆرە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكات."
سەعید کاکەی پێشی وایە كۆمسیۆنی بەغدا دەتوانێت بە ئاسانیی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بكات و دەڵێت "زۆر بەئاسانی دەتوانن ئەو كارە بكەن، ئەوان لە 16 پارێزگا كادرو پسپۆڕو كەسی هونەرییان هەیە كەدەتوانن پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێم دەستەبەر بكەن."
وتیشی، "ئەگەر بێت و كۆمسیۆن و كارمەندانی هەرێم دووربخرێنەوە ئەوان دەتوانن جێگەیان بگرنەوە، لەوانەشە كەسانێك هەبن رەخنە لەم قسەیەم بگرن، بەڵام هەرێمی كوردستان قەوارەیەكە لەچوارچێوەی عێراقدا بۆیە ئەوەی لەسەر هاووڵاتیەكی بەسرە جێبەجێ دەكرێت لەسەر هاووڵاتییەكی دهۆكیش جێبەجێدەكرێت، ئەگەر كۆمسیۆنی بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم بكات دەبێت ببێتە وانەیەك بۆ كۆمسیۆنی هەرێم كە بەخۆیاندا بچنەوەو گۆڕانكاری بكەن."
