ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتەی تیمی یەکێتی ناردوێتی بۆ مەسرور بارزانی

یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

تیمی یەكێتی لەحكومەت راپۆرتێكیان لەبارەی پرسی دارایی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین ئامادە كردووەو بەشێكی بەفەرمی گەیەندراوەتە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت.

ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە 2017 ی ئەم هەفتەیەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە ڕاپۆرتێکی بە ناوی مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا تەواو دەكات بڵاوکردەوە لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا چەندین بابەتی گرنگ باسکراون کە یەکێکیان ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی تیمی یەکێتییە سەبارەت بە داواکاری و کێشەکانی یەکێتی بۆ مەسرور بارزانی.

لەئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و كورتهێنانی پارەی كاش لەسلێمانی و پرسی كوژرانی هاوكار جاف كە بەو هۆیەوە بڕینی بەشە بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی لێكەوتەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

بڕیارە پرسی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەلیژنەی باڵای مەكتەبی سیاسی هەردوولا بسپێردرێت كەیەكێك دەبێت لەپێشنیازەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، ئەگەر ئەو كێشەیە لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرێت.

شەش مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی حكومەتیان كردووەو كۆبوونەوەكانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەیاند بەیەك كەپێشتر بەشێك لەسیاسییەكان داوایان دەكرد مەسرور بارزانی چایەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بخواتەوە كێشەكان چارەسەر دەكرێن.

پرسی كۆكردنەوەی داهات لیژنەی وەزاری بۆ پێكدەهێندرێت و یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە.

هاوكات تیمی یەكێتی داوایان كردووە كەدەسەڵاتی خەرجكردن و پڕكردنەوەی كورتهێنان بەتەواوی چارەسەربكرێت و جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی خەرجكردنی هاوشێوەی سەرۆكی حكومەتی هەبێت كەپێشتر لەكابینەی هەشتی حكومەتدا هەیبووە.

هەروەها لیژنەی باڵای وزاری لەنێوان هەردوولاو تەنانەت بەبەشداری وەزیری دارایی كە لەپشكی گۆڕانە بەشداربێت بۆ بڕیاردان‌و بەدواداچوون‌و وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكان‌و گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا.

بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی «ناوەندی» بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كەدابینكردنی «پارەی كاش» بەناوەندی دەكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار