تەندروستی هەولێرو دهۆك ڕەتیدەکەنەوە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک لەو دوو پارێزگایە بوونی هەبێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

زیاتر لەدوو هەفتەیە نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك لەناو منداڵانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بڵاوبووەتەوە، رۆژانەش رێژەكە زیاددەكات، تائێستاش بەپێی ئاماری هەرسێ بەڕێوەبەرایەتیەكە زیاتر لە 320 تووشبوو تۆماركراون.

هەرچەندە هاوڵاتی پەیوەندیكرد بەتەندروستی هەولێرو دهۆك و ئەوان رەتیانكردەوە كە نەخۆشییەكە لەو دوو پارێزگایەی هەرێم بوونی هەبێت.

بەڵام سەرچاوەیەك لەتەندروستی سلێمانی ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كە» تەندروستی سلێمانی زانستیانە دەڕوات و هەرچی رووبدات باس دەكرێت، بەڵام لەزۆر شوێنی دیكەش ئەو نەخۆشییە هەیەو باس ناكرێت».

وتیشی:» لەشارەكانی دیكە كەرتی حكومی رووخاوەو ناكرێت لەگەرمیان نەخۆشییەك بڵاوببێتەوە لەهەولێر نەبێت، ئەوەی ئێمە دەیڵێین شتە راستەكەیە».

د.پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئاماری رۆژانە لەحەوت بۆ 12 نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت لەسلێمانی، منداڵەكان هەموویان چارەسەر وەردەگرن، بەڵام ئەوەی بەكتریا بێت هەر مەترسیدارە، تائێستا نزیكەی 200 نەخۆش، نەخۆشییەكەیان تێپەڕاندووە».

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئەوەشی باسكرد كە بۆ دیاریكردنی نەخۆشیەكە پێویستە ئاو لەپشتی منداڵەكە دەربهێنرێت، بەڵام «بەداخەوە زۆرجار دایك و باوكی منداڵەكە رێگەنادەن ئەو شیكارە بكرێت كەزۆر ئاسانەو هیچ كێشەیەك بۆ منداڵەكە درووست ناكات».

«ئەگەر منداڵان چارەسەر وەرنەگرن لەوانەیە ببێتە هۆی مردن، كێشەی بینین و بیستن و زیرەكی و ئاستی توانای مێشكی كەمبێتەوە»، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار