ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادە بونی تیمی یەکێتی کۆدەبێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ھەرێم کۆدەبێتەوە و تیمی وەزاری یەکێتیش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات و 60 خولەک تەرخانکراوە بۆ بابەتی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی کارنامەی فەرمی کۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی یەکێتی، لە تەوەری یەکەمدا دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە چوارچێویە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە 4ی نیسانی 2023 دەخرێتەڕو.
ئاماژە بەوەشکراوە، "60 خولەک تەرخانکراوە بۆ بابەتی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان"، ئەم تەوەرە یەکێکە بوە لە کێشەکانی رابردو بەتایبەتی لە سنوری سلێمانی هەمیشە لەکاتی دواکەوتنی موچەدا کورتهێنان هەبوە.
لە تەوەری سێیەمیشدا راپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بۆ مەترسییەکانی شوشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر لە عێراق، کە لە چوارچێوەی نوسراوی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون ژمارە (113) لە 11ی 5ی 2023 خراوەتەڕو، کە لەلایەن وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون دەخرێتەڕو.
ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارە 2017 ی ئەم هەفتەیەیدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە ڕاپۆرتێکی بە ناوی مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكەی ئەمریكا تەواو دەكات بڵاوکردەوە لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا چەندین بابەتی گرنگ باسکراون کە یەکێکیان ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی تیمی یەکێتییە سەبارەت بە داواکاری و کێشەکانی یەکێتی بۆ مەسرور بارزانی.
لەئێستادا كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و كورتهێنانی پارەی كاش لەسلێمانی و پرسی كوژرانی هاوكار جاف كە بەو هۆیەوە بڕینی بەشە بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی لێكەوتەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
بڕیارە پرسی كوژرانی عەقید هاوكار جاف بەلیژنەی باڵای مەكتەبی سیاسی هەردوولا بسپێردرێت كەیەكێك دەبێت لەپێشنیازەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، ئەگەر ئەو كێشەیە لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەنێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرێت.
شەش مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەی حكومەتیان كردووەو كۆبوونەوەكانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گەیاند بەیەك كەپێشتر بەشێك لەسیاسییەكان داوایان دەكرد مەسرور بارزانی چایەك لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بخواتەوە كێشەكان چارەسەر دەكرێن.
پرسی كۆكردنەوەی داهات لیژنەی وەزاری بۆ پێكدەهێندرێت و یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هاوكێشەی 43% بە 47% لەنێوان هەولێرو سلێمانیدا كردووە.
هاوكات تیمی یەكێتی داوایان كردووە كەدەسەڵاتی خەرجكردن و پڕكردنەوەی كورتهێنان بەتەواوی چارەسەربكرێت و جێگری سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی خەرجكردنی هاوشێوەی سەرۆكی حكومەتی هەبێت كەپێشتر لەكابینەی هەشتی حكومەتدا هەیبووە.
هەروەها لیژنەی باڵای وزاری لەنێوان هەردوولاو تەنانەت بەبەشداری وەزیری دارایی كە لەپشكی گۆڕانە بەشداربێت بۆ بڕیاردانو بەدواداچوونو وەرگرتنی داهاتە جۆراوجۆرەكانو گرتنەبەری رێكاری پێویست لەحاڵەتی جێبەجێنەكردنیدا.
بەپێی راپۆرتەكەی یەكێتی، داوای ئەوە دەكرێت پڕكردنەوەی كورتهێنان بۆ موچە بەشێوەی «ناوەندی» بێت، ئەمەی دوای ئەوەی كەدابینكردنی «پارەی كاش» بەناوەندی دەكرێت.
