وەزیری دارایی: حکومەتی هەرێم و عێراق هەردولایان براوەن
.jpg)
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی دانوستانکار بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن.
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، "چەند نرخی فرۆشتنی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەوکاتە بەشداری هەرێم لە میزانیەی عێراق بەرزدەبێتەوە، ئەوەش فشاری دارایی هەرێم لە سەر بودجەی عێراق کەمدەکاتەوە، (ئەمە ئاماژەیە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە پێشتر 10 تا 12 دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی دەفرۆشرا)".
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕێکەوتنی نەوتیدا کە چوار نیسانی ئەمساڵ لە بەغدا واژۆکرا خۆی بەدۆڕاو نازانێت و پێیوایە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەردولایان براوەن.
پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ مانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار زیاترەو لەو بڕە 910 ملیار دیناری دەدرێتە مووچەو بڕی 300 ملیار دیناری بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری گشتی بۆ دەمێنێتەوە.
ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات زۆر ئاشكرایە كەپشكی هەرێمی كوردستان و ئەو پارەیەی كەدواجار ئەگەری هەیە لەبەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەگەر بودجەكە پەسندكرا، گرنگترین بابەتە كە پەیوەندی بەئابووریی هەرێمی كوردستان لە سێ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵك هەیە، بەتایبەتی كە تاساڵی ٢٠٢٦ هیچ یاسایەكی دیكەی بودجە لەعێراقدا دەرناچێت.
ئەمە سەبارەت بەداهاتەكان لەپڕۆژەیاساكەدا پێشبینی كراوە لەڕێگەی فرۆشتنی سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە ئەمە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كورستانیش لەخۆدەگرێت، حكومەتی عێراق بەنرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك داهاتی ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٣ ملیار دیناری هەبێت.
