پارتی و یەکێتی: وەک یەک تیم کاردەکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبونەوە و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە تەوەرەی یەکەمی کۆبونەوەکە باسکردنی پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی داراییبووە کە پرۆژەی تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی نۆیەم و ھەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەن.
تەوەرەی دووەمیش سەبارەت بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوە بووە لە نێوانیاندا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە ،" هەردولا ھاوڕا بوون لەسەر بەھێزکردنی قەوارەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا ."
دەقی راگەیەنراوی هاوبەشی یەکێتی و پارتی:
دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی کە رۆژی ١١ ی ٥ی ٢٠٢٣ لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیە ڕوو ، ئەمرۆ ١٦ ی ٥ی ٢٠٢٣ ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوە .
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، ھەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کە لەکاتی پێویستداھات، ھەردوو لا ھاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنە بەڕێزەکانی دیکەش ھەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەودەستپێشخەرییەو ناوماڵی کوردستانی ڕێکبخرێتەوە ولاپەرەیەکی نوێ ل کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە.
ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ پەسەند کردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەی تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی نۆیەم و ھەردوو مەکتەبی سیاسی بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ھەردوو لا پەرۆش و ھاوڕا بوون لەسەر بەھێزکردنی قەوارەی دەستوریی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراھەمەکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا .
ھەردوولا خوازیاری ئەوەین کە ھەموو لایەک ھاوکار بن لەبەردەوامی کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەھێشتنی کەلێنەکانی رابووردوو .
ھەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێ بۆ فەراھەمکردنی کەش و ھەوای لەبار لە ڕووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا ھەیە .
