هەر شوێنێک تانکى سەربانەکەى پاک نەکاتەوە دادەخرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
قائیمقامیەتى سلێمانى بڵاویکردەوە؛ لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی تەنها یەک هەفتەی بۆ پاککردنەوەی تانکی سەربانی دوکانی خواردن و خواردنەوەکان داناوە و دەشڵێت؛ سەردانی هەر شوێنێک بکەین تانکیەکەی خاوێن نەکردبێتەوە دەستبەجێ دادەخرێت.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "بەمەبەستی پاککردنەوەی تانکی سەربانی ساردەمەنی، شیرینی، چێشتخانە و چایخانە و هەمو ئەوشوێنانە خواردن و خواردەمەنی بەرهەم دەهێنن لیژنە هاوبەشەکان دەستیان بە هەڵمەتێکی گەورە کردوە و سەردانی هەموشوێنەکان دەکەن".
وتیشی، "تانکی سەربانی بەشێک لە شوێنەکان ژەنگی کردوە بۆیە پێویستی بەگۆڕین هەیە، چونکە بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان، ژەنگ یەکێکە لەو مادانەی کە لەش توانای شیکردنەوەی نییە، بۆیە لەناوگەدە و لەشدا دەنیشێت و مرۆڤ توشی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و شێرپەنجە دەکات".
هەروەک هۆشداریش دەدەنە سەرجەم خاوەن شوێنى خواردن و خواردنەوەکان دەکات لە ماوەی یەک هەفتەدا تانکییەکانیان خاوێن بکەنەوە، لەدوای هەفتەیەک هەرشوێنێک پابەند نەبوبێت دەستبەجێ دادەخرێت.
