لە شڕنەخ سێ سەربازی تورکیا کوژران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە شڕنەخ لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە شەڕ روویدا و سێ سەربازی تورکیا کوژران.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ناوچەی بەستای شڕنەخ شەڕ لەنێوان سەربازانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا روویداوە.

وەزارەتەکە باسی ئەوەی کرد کە لە پێدادانەکاندا سێ سەربازی تورکیا کوژراون. بەگوێرەی هەواڵێک رۆژنامەی سوزجوی سەر بە جەهەپە، لە شەڕەکەدا جگە لە سێ سەربازەکە، جاشێکیش کوژراوە و گەریلایەکی پەکەکەش گیانی لەدەستداوە.

باسی ئەوەش دەکرێت کە پێکدادانەکە لە کاتێکدا روویداوە کە سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستی بە ئۆپراسیۆنیکی فراوان کردووە. تاوەکو ئێستا پەکەکە لەمبارەیەوە هیچ راگەیەندراوێکی بڵاونەکردۆتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، لە ڕاگەیاندراوێکدا پارێزگاری شرنەخ راگەیاند، لە ١٤ی ناوچەی سەر بە پارێزگای شڕنەخ قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاندووە. پارێزگای شڕنەخ باسی ئەوەی کرد کە قەدەغەکاری لەو ١٤ ناوچەیەدا لە ١٦ی ئایار تاوەکو ٣٠ی ئایار بەردەوام دەبێت و رێگا نادرێت هاوڵاتیان هیچ هاتوچۆ و جموجوڵێکیان لەو ناوچانەدا هەبێت.

پەکەکە دوای بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵی باکوری کوردستان، بڕیاری بیچالاکی دابوو و لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بڕیاری بێچالاکیەکەی درێژ کردبووە.

هەرچەندە پەکەکە رۆژانە ئاماری شەڕ و هێرشە ئاسمانیەکانی سوپای تورکیای بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان رادەگەیاند، بەڵا بەگوێرەی ساڵی رابردوو پێکدادانەکان کەمی کردبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار