تەواوی زانیارییەکان لەسەر ڕوداوی تەقەکردنەکەی کۆیە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو كەسەی دەستڕێژی گوللـەی لە ئەندامانی خێزانەكەی كرد و هاوسەرەكەی و دو كچی و دراوسێكەشیانی كوشت، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركرا .
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، " ئەمڕۆ كاتژمێر 10:30 خولەكی پێشنیوەڕۆ لەگەڕەكی ئازادی لە كۆیە تۆمەتبار ڕزگار قادر ڕەسوڵ كە پیشەی پێشمەرگەی خانەنشینە لە ئەنجامی دروستبونی دەمەقاڵێ هەستاوە بەكوشتنی هەریەك لە هاوسەری و دو كچی و كوڕێكی بریندار كردوە، هەروەها دوكاندارێكی دراوسێی كوشتوە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، "بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراوە".
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی کۆیە، رووداوەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ لەنزیک قوتابخانەی کۆسرەت لە گەڕەکی ئازادی بووە و تەقەکەرەکە ناوی "ر. ق"ە.
ناو و تەمەنی کوژراو و بریندارەکان بەمشێوەیە:
شاکێو رزگار کە کوڕی تەقەکەرە و تەمەنی 15 ساڵە، لە رووداوەکە بریندار بووە
فاتیمە عەبدوڵڵا کە هاوژینی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 63 ساڵە، لە رووداوەکەدا کوژراوە
چرا رزگار کە کچی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 31 ساڵە، لە رووداوەکەدا کوژراوە
چرۆ رزگار کە کچی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 18 ساڵە، لە رووداوەکەدا کوژراوە
سیامەند عەباس کە دراوسێی تەقەکەرەکەیە و تەمەنی 55 ساڵە، لەکاتی بەهاناوەچوون لە رووداوەکەدا کوژراوە
عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکە بە میدیاکانی راگەیاند، "چەند خولەکێکی ویستووە تاوەکو بکوژەکە دەستگیر کراوە، چونکە بە تەنیا لەنێو ماڵی خۆیدا بووە و دەرگای لەسەر خۆی داخستبوو." بە گوتەی پۆلیس، دوای چەند رووبەڕووبوونەوەیەک توانیویانە تەقەکەرەکە دەستگیر بکەن.
لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی بکوژەکە، کە دەگوترێت بارودۆخی تەندروستیی باش نییە، عەلی عەبدوڵڵا گوتی، "ئەوە هێشتا دیار نییە و دواتر پزیشک لەوبارەوە بڕیار دەدات."
وێنەی دوولە کوژراوەکانی رووداوی تەقەکردنەکەی کۆیە..
