وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دروستدەکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ بەردی بناغەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق".
بەگوێرەی میدیای فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر، وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا 20% بۆ 30%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان لە وزەی خۆرە" .
گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و ڕوبەرەکەی 590 دۆنم زەوییە وبڕیارە لەماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو بکرێت.
لە هەرێمی کوردستان، "دو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە"، کە توانای بەرهەمهێنانی سێ مێگاوات کارەبایان هەیە.
