حەسەن ئوزگونەش بۆ هاوڵاتی: دەنگی %70 ی 15 شاری باکوری کوردستان بۆ پارتی چەپی سەوز بووە

11 مانگ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال

ئەندامێكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) ئاشكرای دەكات لەباشوری كوردستانەوە رێگری لەپێنج هەزار دەنگدەری كورد كراوە بگەڕێنەوە و دەشڵێت:» لەفڕۆكەخانەكانی توركیا بەشێك لەو گەشتانەی بۆ باكوری كوردستان بوون رێگرییان لێكراوە بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە».

حەسەن ئوزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕناخ كە لەهەڵبژاردنی 14 ی ئایاری 2023 پارتەكەیان لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنی كرد، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی باس لەهۆكاری دەنگدانیان بەكاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیاو كەمبوونەوەی دەنگەكانیان دەكات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد ئەو ئامانجەی دەیانویست بەدینەهات و نەیانتوانیوە لیستەكەیان بناسێنن.

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئۆپۆزسیۆنی توركیا بەگشتی شەش مانگ زیاترە فشاری لەسەرەو چاوەڕوانی ئەو ئەنجامەش نەبوون.

 

: پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی لەتوركیا چۆن بەڕێوەچوو؟

حەسەن ئوزگونەش: دەمانویست لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كەمال كلچدار ئۆغلۆ سەربكەوێت، هەم لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا ئامانجمان ئەوەبوو زیاتر لە 75 كاندیدمان دەربچێت و تەنانەت خەڵك و سیاسەتمەدارانی ئێمە ئامانجیان زۆر لەوە زیاتر بوو دەیانویست سەد پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز بچێتە پەرلەمانی توركیا، بەڵام ئێستا 65 كاندید دەرچوون.

هەروەها هاوپەیمانی كۆمار(ئەكەپە، مەهەپە) زیاتر لە 320 پەرلەمانتاریان دەبێت، لەبەرئەوە ئامانجەكانی ئۆپۆزسیۆن بەدەست نەهاتووە، بەشێكی هۆكارەكەش ئەوەیە فشارێكی زۆر لەسەر سندوقەكان لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە پەیڕەو كراوەو ساختەكاری زۆریش ئەنجامدراوە و هێزی دەوڵەت و میدیاكانی توركیا خرانە خزمەتی ئاكپارتی و مەهەپەوە.

تەنانەت لەكاتی هەڵبژاردنەكان وەزیرو دەسەڵاتدارانی دەوڵەت بێلایەن نەمانەوە و هەموو توانایەكی دەوڵەتیان بەكارهێنا بۆ ساختەكاری و فشار لەسەر خەڵك.

: ساختەكاری و فشارەكان بەو قەبارەیە بوون ئەنجامەكان بگۆڕێت؟

حەسەن ئوزگونەش: لەزۆر جێگەدا دەركەوتووە كە لیژنەكانی سەر سندوق لایەندارییان بۆ ئاكپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان كردووە تەنانەت لەئەوروپاش، جگە لەوەی لەهەندێك ناوچە بەئاشكرا ساختەكارییان لەبەرژەوەندی دەسەڵات ئەنجامدا، ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەگشتی شەش مانگ زیاترە فشاری لەسەرەو ئەوانیش چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە نەبوون، لەئەنجامی ساختەكارییەكانیش هیچ لێپرسینەوەیەك لەدامودەزگاكان نەكراوە، بۆیە كلچدار ئۆغلۆ وتی» روسیا دەیەوێت ساختەكاری بكات لەبەرژەوەندی ئاكپارتی و مەهەپە بۆیە ئەوە قبوڵ ناكەن»، ئەمەش دەرئەنجامی ئاشكرابوونی ساختەكاریەكانە هەرچەندە تائێستا قەبارەی ساختەكارییەكان روون نییە چەندێكە، بەڵام هەر روون دەبێتەوە.

: بەدەرچوونەوەی ئەردۆغان بۆ سەرۆك كۆماری توركیا فشارەكان لەسەر پارتی چەپی سەوزو كورد زیاتر دەبێت؟

حەسەن ئوزگونەش: زیاتر لە 30 ساڵە كە سیاسەت دەكەین فشارمان لەسەربووەو ئەمە 11 یەمین جارە پارتی دیكە دروستدەكەین و هەزاران كەسمان خراوەتە زیندان و دەیان سەرۆك شارەوانیش پۆستەكانیان لێوەرگیراوەتەوەو قەیووم لەجێگەیان دانراوە.

 وەزیرێكی ئاكپارتی خۆی بەئێمەی وت كاتێك هەدەپە بەشێك لەشارەوانیەكانی بردەوە ئەردۆغان وتبووی كە لەوان توڕەین و بۆیە بڕیارماندا 59 شارەوانی لەدەستی هەدەپە دەربهێنین، دەیان بەرپرس و نوێنەری ئێمە هەڵاتن بۆ ئەوروپا لەژێر فشاردا و دەیانی دیكەش لەزیندانەكاندان.

ئێمە كە دەنگماندا بە كلچدار ئۆغلۆ لەپێناو ئەوەی ئەگەر دەربچێت دۆخێكی نوێ بێتە ئاراوە هەم بۆ گەلی كورد و هەم بۆ توركیا، بۆیە تائێستا چی فشارێك هەبووە بەدەرچوونەوەی ئاكپارتی و مەهەپە ئەو فشارانە بەردەوام دەبن و زیاتریش دەبن.

: ئەردۆغان لە بانگەشەی هەڵبژاردن وتی ئەگەر دەربچێتەوە ڕێگەنادات سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزیندان ئازاد ببێت، ئێوە چی دەكەن بۆ ئازادكردنی؟

حەسەن ئوزگونەش: سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 2016 ەوە لەزیندانە، بەڵام ئەو بەتەنیا نییە لەزیندان، نزیكەی حەوت هەزار كادرو بەرپرسی هەدەپە و سیاسەتمەدار و رۆژنامەوان لەزیندانەكانی دەوڵەتدان.

بەردەوام كار بۆ ئازادكردنی ئەوان و كەمكردنەوەی فشاری سەر ئیمراڵی دەكەین، تێكۆشانەكانمان بۆ ئازادكردنی چالاكوان و سیاسەتمەدارانی هەدەپەو كورد بەردەوام دەبێت.

: لەكۆی 600 كورسی پەرلەمان زیاتر لە 120 كورسی بەر ناوچە كوردیەكان دەكەوێت، ئێستا روون بووەتەوە كورد چەند كورسی لەناوچە كوردییەكان بەدەستهێناوە؟

حەسەن ئوزگونەش: نازانین لەنێوان لایەنەكانی دیكە بەوردی چەند كورد هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لەناوچەكانی وەك كەهرەمان مەرەش، دیلۆك، سەمسور، مەلاتیە، رحا، كە ناوچەی كوردستانین تەنانەت ئەرزڕۆم و هێڵی سنوری رۆژئاوای كوردستان دەنگی كورد وەك پێویست نییە، هۆكارەكەش ئەوەیە بەشێك لەدانیشتوانی ئەو ناوچانە بەشێوەیەكی تایبەت كاریان لەسەركراوە و بەدەوڵەتەوە پەیوەست كراون و هەستی وڵاتپارێزی تێیاندا نەهێڵدراوە.

زیاتر لە 15 شاری باكوری كوردستان %ی دەنگەكانی بۆ پارتی چەپی سەوز بووە، ئەوەی جێگەی داخە دەوڵەتی توركیا لەدروستبوونیەوە كاری لەسەر شارە گەورەكان كردووە و هەستی وڵاتپارێزی تێیدا بەبەرنامە لاواز كردووە و زۆرێكیان لەبەر ماڵی دنیاو بەرژەوەندی تایبەت هەستی وڵاتپارێزییان وەلاناوە.

: دەتوانین بڵێین لەناوچە كوردیەكان چەند پەرلەمانتار چووەتە پەرلەمانی توركیا؟

حەسەن ئوزگونەش: ناتوانین بەپێی ئامارێكی ورد ئەوە بخەینەڕوو، هەرچییەكیش بڵێین تەنها هەڵسەنگاندنە، تائێستاش روون نییە ژمارەی كورد لەتوركیا چەندە، هەرچەندە ئامارە فەرمیەكان دەڵێن 15 ملیۆن كورد لەتوركیا هەیە، دەتوانین بڵێین ئەوانەی كوردن و دەچنە پەرلەمانی توركیا زیاتر لە 55 كەسن.

: زیادبوونی دەنگی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا هیچ مەترسییەكی بۆ ئایندەی پرسی كوردو چارەسەرەكەی هەیە؟

حەسەن ئوزگونەش: ئەوە راستییەكە لەوكاتەوەی ئێمە سیاسەت دەكەین لەتوركیا، دەوڵەتی توركیا بەمەبەست نەژادپەرستی پێشدەخات و نزیكەی 100 ساڵە نەژادپەرستی و ئاینپەرستی پەرەی پێدەدرێت و بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و ئەوانەی بەشداری دەوڵەت دەكەن جگە لەمەهەپە چەندین پارتی دیكە هەن كە نەژادپەرستن ئێستا لەسەر ناوی ئاین ئاكپارتیش بووەتە نەتەوەپەرست.

دەتوانین بڵێین 60٪ زیاتری پارتەكان نەتەوەپەرستن بەرامبەر كورد، بەڵام مەهەپە پێشڕەوییان دەكات، بۆیە بۆ ئایندەی چارەسەری پرسی كورد كێشەیەكی گەورەن و بۆ دیموكراسیش لەتوركیا كێشەیەكی گەورەن، لەسەر ئاستی دەرەوەش وێنای توركیا ناشرین دەكەن، بەڵام ئێمە سیاسەت بۆ ئەوە دەكەین نەتەوەپەرستی و ئاینپەرستی لەتوركیا نەهێڵین و ئەو دیوارەی دروستیان كردووە كەم بكەینەوە، تێكۆشانی ئێمە بۆ چارەسەری پرسی كورد لەتوركیا بەردەوامی دەبێت و كۆڵ نادەین.

: بەشێكی زۆر لەچاودێران دەڵێن بەراورد بەهەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگەكانی كوردو هەدەپە كەمیكردووە، ئایا هۆكارەكە جیاواز لەو فشارانەی باست كردن لەگەڵ داخستنی هەدەپە چ هۆكارێكی دیكەی هەیە؟

حەسەن ئوزگونەش: ڕاستی فشارەكان هۆكاری سەرەكی بوون، لەوانەش داخستنی شارەوانیەكانمان و دانانی قەیووم بۆیە ئەوان نەیانتوانی وەك پێویست كاربكەن، جگە لەوەی 10 ساڵە هەدەپە هەیە، بەڵام نەیانهێشت بەو ناوەی ناسراوە بەشداری هەڵبژاردن بكەین، لەكاتی هەڵبژاردنیشدا فێڵ لەبەشێك لەهاووڵاتیانی دەنگدەری ئێمە كراوە بەتایبەت ئەو بەساڵاچوانەی خوێندن و نووسین نازانن پێیان نەوتوون لیستی هەدەپە كامەیە، بەو كاتە كەمەش نەمانتوانیی لیستەكەمان بەگەلی خۆمان بناسێنین و دەنگدەری ئێمە هەبووە دەنگی داوە بەچەند پارتێك لەیەك كاتدا، جگە لەوەی لەدیوی باشوری كوردستانەوە رێگری لەپێنج هەزار دەنگدەری كورد كراوە بگەڕێنەوە، لەفڕۆكەخانەكانی توركیاش بەشێك لەو گەشتانەی بۆ باكوری كوردستان بوون رێگرییان لێكراوە بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە، هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەبووە كە رێگری بكەن لەوەی ئێمە دەنگی پێویست بهێنین، جگە لەوەش هۆكارەكانی كەمبوونەوەی دەنگەكان پێویستی بەلێكۆڵینەوەو بەخۆداچوونەوە هەیە.

: هوداپار پارتێكی ئیسلامی نوێ نییە لەتوركیا و باكوری كوردستان، چی بەرژەوەندییەكیان هەیە لەگەڵ ئاكپارتی وا پشتیوانیان دەكەن؟

حەسەن ئوزگونەش: ئەو پارتە لەهێڵی حزبوڵای توركیا و دەستی هەیە لە كوشتاری كوردانی باكور، كاتێك ئێمە مامۆستا بووین لەسەندیكای ئێمە 24 كەس بەدەستی ئەوان كوژرا جگە لەوەش نزیكەی 17 هەزارو 500 كەسی مەدەنی لەباكوری كوردستان لەلایەن ئەو حزبەو حزبوڵا و ژیتەم كوژراون.

 دەوڵەت هیچی نەكرد بۆ بەسزاگەیاندنیان ئەوان دژی كوردانی وڵاتپارێز وەستانەوە و بۆ ئەوەش هاوپەیمانییان لەگەڵ ئاكپارتی و مەهەپە كردووەو لەكاتی شەڕی عەفرین و كۆبانێ پشتیوانی نەژادپەرستانیان دەكردو بانگەشەی داعشیان بڵاودەكردەوە.

كوردبوونی ئەوان وەكو زەمانی ساڵانی هەشتاكانی باشوری كوردستانە كە مام جەلال وتی ئێمە پێنج هەزار پێشمەرگەمان هەیە، بەڵام زیاتر لە 170 هەزار كوردی جاش هەیە، كوردێك خۆی نەناسێت كەی كوردە با جلوبەرگیشی كوردی بێت یاخود لەكوردستان بێت.

 


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار