کەجەکە: ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی تورکیا دوورن لە راستیەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەجەکە رایگەیاند، دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ساختەکاری کردووە و ئەنجامە فەرمییەکان دوورن لە راستیەوە.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوون، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەنجامی هەڵبژارن بە تەئکیدی راست نییە. ئاکەپە و مەهەپە نەک تەنیا بە فشار و توندوتیژی هەوڵیاندا رێگری لە ئیرادەی دیموکراسی گەل بگرن، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە فێڵ و تەڵەکەبازی ئەنجامەکانیان پێچەوانە کردووە.
لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، " بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتەی گەلی کورد و لایەنە دیموکراتەکان بەدەستیان هێناوە لەناوببەن، ئاکەپە و مەهەپە هەموو ساختەکارییەکایان کردووە."
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئاکەپە و مەهەپە بانگەشەی هەڵبژاردنیان بە تەواوی لەسەر دوژمنایەتی کورد بەڕێوە بردووە و هەستی نەژادپەرستی و نەتەوەپەرستی سوور کرد و شەڕێکی گەورە دەرونی لە رێگەی میدیاکەیەوە بەڕێوە برد.
کەجەکە وتی، لەگەڵ ئەوەی فشارێکی زۆر لەسەر کورد هەبووە، بەڵام گەلی کورد و لایەنە دیموکراتەکانی تورکیا ئەنجامێکی زۆر باش و گەورەیان بەدەست هێناوە و پیرۆزبایی لە کوردانی باکوری کوردستان کرد.
