وەزارەتی ناوخۆ شۆفێرانی تەکسی ئاگادار دەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی سەبارەت بە لۆگۆی تاکسی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، هەموو تاکسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت تا 15ـی تەمووز لۆگۆیان پێوەبێت، هەر تەکسییەکیش دوا ئەو بەروارە بێ لۆگۆ ببیندرێت، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە سزای دارایی دەدرێت.
بە گوێرەی ئەو ڕێنماییەی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە:
1. هەموو تاکسییەک لە شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تا 15ی تەمووزی 2023 مامەڵەی لۆگۆی تاکسییان تەواو کردبێت و لۆگۆیان لە تاکسیەکانیان دابێت.
2. 3 کارتی زانیاری داواکراویان لە ناو تاکسییەکانیان بە گوێرەی ڕێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بۆیان دروست دەکرێت، هەڵواسیبێت.
3. بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو بەروارە دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ کە لە کاتی بینینی تاکسی بێ لۆگۆ ڕاستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت (بە بڕی ٤٠ چل هەزار دینار) و بە سیستم بۆی ڕەوانە بکرێت.
4. هەر شوفێرێکی تاکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری بە هۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاری تاکسییەکە، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی تایبەتمەند یەکلا نەکاتەوە، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر.
5. هەروەها بە گوێرەی ڕێنماییەکە، تاکسی ناوشار ناتوانێت لە هێلەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تەکسی هێلەکانیش ناتوانن لە ناوشار کار بکەن.
