١٣ سەربازی توركیا لە ئامەد كوژران

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکان لە لجێی ئامەد کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سەربازییان کردووەتە ئامانج کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن جوڵەی پێکرابوو، لە ئەنجامدا ١٣ سەرباز کوژراون.
ناوەندی ڕاگەیاندنى هەپەگە ڕایگەیاند: "٣٠ نیسان کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سەربازی کە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی کەوتبووە ڕێ کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێک تێکشکێندراوە و ١٣ داگیرکەر سزادراون."
هەروەها ڕاگەیەندرا لەهەمان ناوچە لە ١٠ی ئایاردا لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێک کە دەستیپێکرابوو دوو گەریلا شەهیدبوون.
دقی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە تیایدا باسی لە پێکدادانەکان کردوە:
١. هەرێمی ئامەد
-سوپای تورکی داگیرکەر لە وەرزی زستانەوە هەوڵ دەدات لە ناوچەی هەرێمی شەهید سەرخۆبوونی ناوچەی لجێی ئامەد شاخ بگرێت و تیایدا جێگیر بێت. لە هەمان کاتدا لە ناوچەی شاخی دۆڵی جومعە، گوندی سیڤەرەک، گوندی مەدرەسە و شاخی مێرگ دەستی بە دروستکردنی بنکەی سەربازی کرد. لەگەڵ ئەو هەوڵانەش سوپای تورکی داگیرکەر لە ٦ مانگی رابردوودا لە هەرێمە ئۆپراسیۆن و بۆسەی ئەنجامداوە.
-هێزەکانمان لەو ناوچەیە لە ٣٠ نیساندا لە نێوان گوندەکانی مێرگێ و گوندی سیڤەرەک بە تاکتیکی سابۆتاژ کاروانێکی ئۆتۆمبێلی سەربازییان کردە ئامانج کە بەرەو ئۆپراسیۆن دەچوو و رێگرییان لێکرد. لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێکشکا و ١٣ داگیرکەر کە تیایدابوو سزادران. ئۆپراسیۆنەکان لە ناوچەکە تا ٥ی ئایار بەردەوام بوون و بێ ئەنجام کۆتاییان هات.
-سوپای تورکی داگیرکەر ١٠ی ئایار لە هەمان هەرێم دەستی بە ئۆپراسیۆن کردەوە و لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمندا هاوڕێمان دڵگەش زاگرۆس و باوەر کۆرکماز شەهیدبوون.
٢. هەرێمی زاپ
-لە ١٦ی ئایاردا کاتژمێر ١٤:٢٠ داگیرکەران کە هێرشیان کردبووە سەر گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم رووبەڕووی خۆپاراستنی هێزەکانمان بوونەوە.
٤. هەرێمی مەتینا
-لە ١٨ی ئایاردا کاتژمێر ١٤:٢٠ داگیرکەران هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەکاری، بەڵام رووبەڕووی خۆپاراستنی هێزەکانمان بوونەوە.
٥. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛
-١٧ی ئایار شاخی بەهار، شاخی جودی، شاخی ئێف ئێم، گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شاخی ئامێدی، دەوروبەری گوندی سێگرێ و گۆڕەپانی دەشتی کافیای گارە ٢٢ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران.
– لە ١٦، ١٧ و ١٨ی ئایاردا سەنگەرەکانی بەرخودان لە گۆڕەپانی بەرخودانی شآخی ئێف ئێم و شاخی جودی، شاخی شەهید حەقی، شاخی شەهید کاموران، شاخی شەهید هێمن، هەرێمەکانی چلوچار، دەوروبەری روباری لۆلان و سیدای خوکورک ٣٧ جار بە کاتیوش، تانک و چەکی قورس بۆردومان کران.
-لە ١٧ی ئایاردا دەوروبەری شاخی مەزڵوم، کۆردینە، وتونا، سەرزێرێ و گوندی تروانشی مەتینا ٧ جار بە هەلیکۆپتەر بۆردومان کران”.
