پێنج كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسی ماوەتەوەو بكوژانی ڕاستەقینەی ئاشكرانەكراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی ئەنجامیداوە و ئەو زانیاریانەشی لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و دادگاكانی هەرێمی كوردستان دەستیكەوتوون، لەهەرێمی كوردستان پێنج كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسی ماوەتەوە و بكوژانی ڕاستەقینەی ئاشكرانەكراون.
یەكێك لەو كەیسانە كە كاوە گەرمیانییە بكوژە سەرەكییەكەی دەستگیركراوە بەڵام هێشتا كەسوكاری گومانیان هەیە لەوەی ئەو كەسەی لەپشتی كوشتنەكەیەتی بەرپرسێكی باڵایە و بكوژ تەنها جێبەجێكار بووە.
ئەو كەیسانەشی تائێستا یەكلایی نەكراونەتەوە و گومانیان لەسەرە هەریەك لەكەیسەكانی (سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی و ویداد حسێن و عەبدولستار تاهیر شەریف)ە.
هەروەها سەردەشت عوسمان یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەیە لەهەرێمی كوردستان كە تیرۆركردنەكەی زۆرترین دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و لەڕۆژی 4-5-2010 لەهەولێر رفێندراو ڕۆژێك دواتر تەرمەكەی لەسەر رێگەی موسڵ دۆزرایەوە، تائێستاش كەسوكارەكەی و چالاكوانان داوای بەسزاگەیاندنی بكوژانی دەكەن و پێیان وایە لەسەر چەند وتارێك تیرۆركراوە. سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان و سەنتەری میترۆ وەك رۆژنامەنوسێكی تیرۆركراو هەژماریان كردووە، بەڵام قسەی بەرپرسانی ئەمنی ئەوکاتی هەولێر ئەوەبوو کە روداوەکە کارێکی تیرۆرستی بووە.
بەشدار عوسمان برای سەردەشت عوسمان بەهاوڵاتی وت:»كەیسی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان لای حكومەت داخراوەو هەر باسیشی لێوەناكرێت «.
«بەڵگەی زۆر لەبەردەستدا هەبوو كە دەتوانرا بكوژانی سەردەشت دەستگیربكرێن، بەڵام لەلایەن كاربەدەستانی باڵای حكومەتەوە پەردەپۆشكرا» بەشدار عوسمان وایوت.
بەهۆی دۆسیەی كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕاپۆرتەكانیدا رەخنەی توندیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق گرتووە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەردەوام ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكان ڕەتدەكەنەوە و باس لەوەدەكەن هەرێمی كوردستان ئازادی رادەربڕینی تێدایە.
ئەم زانیارییانەو چەندین داتا لە ڕاپۆرتێکی ئەم هەفتەیەی ژمارە 2018 ی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە .
