ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە

پێویستی بە 30 ملیارد دۆلار هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز

11 مانگ لەمەوپێش



بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاکسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەکارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەکانیش ئاشکرای دەکەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاکسازیی نەکات ناچارە غاز هاوردە بکات.

بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی کە گروپێکی هاککەر لە پێگەی ئەلیکترۆنی سەرۆکایەتی کۆماری لە ئێران دزەیان پێکردوە، نۆژەنکردنەوە ئامێرەکانی کێلگە و پاڵاوگەکانی نەوت و غازی وڵاتەکە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیارد دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێکە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەکردوە.

لەو بەڵگانەدا دەرکەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەکرێتەوە و چاکسازیی لە شێوازی بەکارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەکرێت، وڵاتەکە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بکات.

غاز سەرچاوەیەکی سەرەکی سوتەمەنیی بزوێنەری کارگە و ئۆتۆمبێلەکانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمکردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن.

بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە کاتێکدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و بەوە دووەم وڵات دوای روسیا  ئەژمار دەکرێت کە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار