یوسف محەمەد بۆ هاوڵاتی: پێویستە هەڵبژاردنێكی بێگەرد ئەنجام بدرێت

11 مانگ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال

یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كەیەكێكە لەو كەسانەی سكاڵاكەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەقۆناغێكی گرنگ لەبەرەو پێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەقەڵەمدەدات.

یوسف محەمەد باس لەوەشدەكات بەهۆی ئەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كارا نەبووەتەوە، داوای كردووە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو لەهەرێمی كوردستان بكات، دەشڵێت بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، هەر بڕیارو یاسایەك دوای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە 6-11-2022ـەوە لەپەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووبێت نایاسایی و نادەستوورییە.

هاوڵاتی: دوای بڕیارەكە پێویستە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چی بكرێت؟

یوسف محەمەد: دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكەنەوە لەڕووی تەكنیكییەوە لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رێكبكەون، كەئەوان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكەن، تاوەكو ساڵی 2013 كەكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان نەبووە، كۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەكانی لەهەرێمی كوردستانیش بەڕێوەبردووە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لەپێشی كارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدایەو ئەگەر رێككەوتن بكرێت، دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا بكرێت.

هاوڵاتی: دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بەنادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان چی روودەدات؟

یوسف محەمەد: لەڕاستیدا بۆ لەمەودوا ئیتر دەبێت درێژكردنەوە كۆتایی پێهاتبێت كە لەساڵی 1995 ەوە پەنای بۆ دەبرێت و چەندین كێشەی دروستكردووە.

هاوڵاتی: كەواتە ئەم كۆمسیۆنەش نایاساییە كەپەرلەمان دەنگیپێداوە؟

یوسف محەمەد: بەڵێ لەدوای شەشی 11ی ساڵی رابردووەوە پەرلەمانی كوردستان هەر پرۆژەیەكی دەركردبێت یاخود هەر رێكارێكی گرتبێتەبەر نایاساییە.

هاوڵاتی: وردەكاری بڕیارەكە چییە ئایا دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش ئیتر نادەستورین؟

یوسف محەمەد: بەڵێ پەرلەمانی كوردستان ئیتر نادەستورییە، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمیش دەگۆڕێت بۆ كاربەڕێكەر، ئەو وادەیەش بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە بەمەرجێك كۆمسیۆنی عێراق بتوانێت جێبەجێی بكات هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت، واتە هەركاتێك كۆمسیۆنی عێراق بتوانێت هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدات لەوكاتەدا دەبێت ئەنجامبدرێت، دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان رەوایەتییان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو  ئەوەشی رەوایەتییان بۆ دەگەڕێنێتەوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە.

هاوڵاتی: هۆكاری داخستنی چەندین جاری دانیشتنەكان چی  بوون؟ دوای چەند جار بڕیاردرا؟

یوسف محەمەد: كەیسێكی ئاڵۆزبوو بەڕاستی و كێشەی زۆری تێدابوو، فشاری زۆریش لەسەر دادگای باڵای فیدراڵی هەبوو، بۆیە پێویستی بەكاتی زیاتر هەبوو بۆ بڕیاردان.

هاوڵاتی: ئەگەر هەرێمی كوردستان بەبڕیارەكەوە پابەند نەبێت چی روودەدات؟

یوسف محەمەد: ئەگەر پێوەی پابەندنەبن كێشەی گەورە دروستدەبێت، دامەزراوەكانی هەرێم هیچ شەرعیەتێكیان نامێنێـت.

هاوڵاتی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق چی كاریگەرییەكی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟

یوسف محەمەد: ئەم بڕیارە دوو خاڵی گرنگی تێدایە، یەكەم ئەوەی كەدرێژكردنەوە نادەستورییەو پێویستیش دەكات شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، خاڵی دووەمیش ئەوەیە كەپێویستە دوای بڕیارەكە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.

هاوڵاتی: پێشتر كەوادەی پەرلەمان درێژدەكرایەوە بۆچی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەو شێوەیەی دەرنەدەكرد؟

یوسف محەمەد: پەیوەندی بەوەوە هەیە كەپێشتر كەس نەبووە سكاڵا تۆماربكات، پێشتریش كەس بەرچاوڕوونی نەبووە كەپێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی سكاڵا تۆماربكرێت، چونكە پێویستی بەوردبوونەوەی زۆرو پارێزەرە، پێش ئەوەی سكاڵا تۆمار بكەین زانیاریمان لەوبارەیەوە كۆكردووەتەوە ئەم بڕیارەش دوای نۆ جار لەدواخستن هات.

هاوڵاتی: لەمەودوا تاچەند حكومەتی فیدراڵ دەستكراوە دەبێت دژ بەهەرێمی كوردستان؟

یوسف محەمەد: دژ بەهەرێمی كوردستان نا بەڵام دژ بەو لایەنانەی كەماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكانیان درێژكردووەتەوە دەستكراوە دەبێت و بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بەهەند وەربگرن و جگە لەو بڕیارەش هەر رێوشوێنێكی دیكە بگیرێتەبەر شەرعی نابێت.

رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار