د. سامان بەرزنجی: دووه‌مین حاڵه‌تی تای خوێنبه‌ربوون لە هەرێم گیانی له‌ده‌ستدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی توشبون بە تای خوێنبەربون لە پارێزگاکانی عێراق زیادیکردوە و لە هەرێمی کوردستانیش دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی بەسەرکردنەوەی نەخۆشخانەی منداڵان لە شاری هەولێر، رایگەیاند، "دوێنێ دوەمین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە تای خوێنبەربون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا وتمان کە نیگەرانین لە بونی ئەم حاڵەتە بەڵام مانای وانیە کە نابێت، بەڵکو ساڵانە یاخود چەند ساڵێک جارێک سەرهەڵدەدات، ماوەیەکی زۆربو لە هەرێم نەبو، بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی لە عێراق جارێکی دیکە لە هەرێم سەریهەڵداوەتەوە".

راشیگه‌یاند، حاڵه‌تی یه‌كه‌م له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران و حاڵه‌تی دووه‌م له‌ناو شاری هه‌ولێر بووه‌ و هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ هه‌بووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی توشبون و داخڵبون و مردن لەنێو ئەو کەسانەی کە توشی تای خوێنبەربون دەبن زۆرە، چەندین حاڵەتی دیکە هەبون لە هەرێم کە گومانیان لێکراوە، بەڵام پشکنینی کۆتایی بۆ هەمو توشبوەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا پەتاکەیە یاخود نا و حاڵەتەکە پشتڕاستبکرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕو، "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و تیمی ڤێرتەرنەی تیمی هاوبەشمان دروستکردوە و کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی و چارەسەریان گرتوەتە بەر، بەڵام ئەوانەی ئاژەڵیان هەیە و ئاژەڵ سەردەبڕن دەبێت رەچاوی رێنمایی تەندروستی بکرێت و هاوڵاتیانش تەنها لە شوێنە داخراوەکان گۆشت بکڕن".

یەکەم حاڵەتی مردن بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم دوێنێ تۆمارکرا کە گەنجێکی دانیشتووی هەولێربوو بە بەناوی چیازان حامدی تەمەن 19 ساڵ دوای مانەوەی پێنج رۆژ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی هەولێر دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوت تووشبووی تای خوێنبەربوونە و دوێنێ چوارشەممە  گیانی لەدەستدا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار