هەدەپە: سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)، لە بارەگای گشتیی هەدەپە لە ئەنقەرە بە ئاماژەدان بەوەی کە دوای هەڵبژاردنەکان دەستیان کردووە بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و میکانیزمی رەخنە لەخۆگرتن، تیشکى خستە سەر ئەوەی وانە لە هەڵەکانیان وەردەگرن.
ئەبرو گونای ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەشکرد، ئامادەکاری بۆ کۆنگرە کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە دوایان خست، کار پێ دەکەنەوە دەڵێت، "تاکە ئامانجمان باشترکردنی تواناکانمان و خۆبەرەو پێشبردنمانە، بەهۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، پڕۆسەی گەورەی کۆنفرانس کۆنگرەمان دواخست و بەمەش ئێستا ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە، ئێمە بەم باس و هەڵسەنگاندنانە پرۆسەی ناوەڕۆکی کۆنفرانس و کۆنگرە دادەڕێژین، بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ کۆنفرانس و کۆنگرە گەورەکە لەگەڵ گەل و ئەندام و ڕێکخراوەکانمان دروست دەکەین".
ئەبرو گونای باسى لەوەکرد، دوای راوێژ و راگۆڕینەوە لەگەڵ رێکخستنەکانی هەدەپە و ئەندام و لایەنگرانیان کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە دیاریی دەکەن.
ئەوەشی خستەڕو، "بانگەوازی ئێمە بۆ هەمو دۆستانی حزبەکەمان ئەمەیە؛ با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە کۆببینەوە و بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە بچینە کۆنگرە، ئەمە ئامانجی ئێمەیە، هەمو ئەو لایەنانەی ئێمە کە دەیانەوێت بەشێک بن لە پڕۆسەی نوێ، پێویستە بچنە ناو پڕۆسەی خۆ بنیاتنانەوە و خۆ ڕەخنەگرتنەوە، تازە سەردەمێکی نوێ بۆ ئێمە دەستی پێکردوە".

