رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوایەک ئاڕاستەی شۆفێران دەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کامێرای (پۆینت تو پۆینت) داوایەک ئاڕاستەی شۆفێران دەکەن و دەڵێن: هەرکاتێک شۆفێر بە کامێرای پۆینت تو پۆینت سزا دران و پسوڵەی سەرپێچیان بۆکرا، راستەوخۆ پەیوەندیان پێوەبکەن بۆئەوەی پارێزەری خۆبەخشیان بۆ دابینبکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەی بەوەکردوە، "پاش هەوڵەکانیان لەساڵی رابردو سەبارەت بەرەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی جێگیر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕوی یاداشت سەبارەت بەنایاسایی بونی گرێبەستەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و پێچەوانەبونی گرێبەستەکە لەگەڵ یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 و رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەهەمانشێوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بێ گوێدانە رای ئەنجومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەردەوام بو لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی جێگیر لە 29ی (ئایار/5)ی 2023".

ئەوەش هاتوە "ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە، لەهەوڵەکانمان بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوام دەبین و هەر هاوڵاتیەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا، بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، دوای وەرگرتنی پسوڵەکەی، پەیوەندی بەفیدراسیۆنەوە بکات بەمەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری رێکاری یاساییە دژی ئەو سیستمە لەدادگای پەیوەندیدار لەپێناو سەروەری یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بەئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار