پرۆژەیاسای بودجە پەسەند نەكراوە و پەرلەمان دەکەوێتە پشووەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەكاتێكدا هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند نەكراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە نۆی مانگەوە دەكەوێتە پشووەوە و ئەگەر تائەو كاتە پەسەند نەكرێت، ئەوا چەند مانگێك دوادەكەوێت.

لەم بارەیەوە ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی ٩ی ئەم مانگە دەچێتە نێو پشووی وەرزی یاسادانان و بەر لەو وادەیەش دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەدرێت.

سەعد مانع ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ماددەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان کە لە نێو لیژنەی دارایی دەنگیان لەسەردراوە، بوونەتە ھۆی دواکەوتنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە.

وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی نۆی ئەم مانگە دەچێنە نێو پشووی وەرزی یاسادانان و پێویستە بەر لەو وادەیە دەنگ لەسەر بودجە درابێت، ھەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە یاخود دووشەممەی داھاتوو دیاری بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر بودجە لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران.

پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بەراور بە ساڵانی ڕابردوو زۆر دواكەوتووە و ئەگەر تا نۆی مانگ پەسەند نەكرێت، ئەوكاتە یان دەبێت پەرلەمان پشووەكەی دوابخات یان پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دەكەوێتە دوای تەواوبوونی پشووەكەوە و زیاتر لە مانگێك دوادەكەوێت.

پشكی كورد لە پڕۆژە بودجەی عێراق جێگیر كراوەو لەماددەكانی (12،13،14) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازیەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ دەستكاریكردنی بەشێك لەبڕگەكانی ماددەی 14ی پڕۆژە یاساكە.

لەماددەی 12ی پڕۆژەكە ئاماژە بەوە كراوە كە لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) لەبودجەی گشتی دیاریكراوە، بڕەكەشی دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی حاكیمە، زیاتر دەبێت لە 15 ترلیۆن دینارو مانگانە دەگاتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار.

هەروەها لەماددەی 14و بڕگەی 12ی پڕۆژەكەدا ئاماژە بەگەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان كراوە كەمانگانە 10% بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران كەحكومەتی هەرێم مانگانە 910  ملیار دینار دەداتە مووچەو بەو شێوەیە مانگانە 91 ملیار دینار خەرجی دارایی دیكەی بۆ دروست دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار