سزای لەسێدارەدان بۆ بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی عەقید هاوکار جاف دەرچوو

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بنەماڵەی عەقید هاوکار جاف رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگای کەتنی هەولێر بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شەش کەس لەوانە دەرچوو، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر.

بەپێی گوتەی بنەماڵەی هاوکار جاف، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێکدێن لە: 

وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی

کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی

وریا خالید عەلی، ئەفسەر 

لەشکر محەممەد حەسەن، ئەفسەر

عاسی رەشید حوسێن، ئەفسەر

لوئەی محەممەد رەزا، فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی لە گەرمیان

نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە "هاوکار جاف" گیانی لەدەستدا. 

دوای ڕوداوەکە لە ڕۆژی 12-10-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.

دواتر لە وڵامی ئەمەدا دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێیندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە و رایگەیاند "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەر بە لایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و، لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات."

دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتکردنەوە و رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەینەوە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار