رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ: بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە ئاوەدانکردنەوەى شەنگال وەستاوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شنگال بەهۆى ناکۆکیی سیاسییەوە پەکى کەوتووە، کەرتى خوێندن و تەندروستى و کارەبا لە دۆخێکى خراپدان و تەنیا 96 قوتابخانەى قەزاکە کراونەتەوە.
رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ (هیومن رایتس وۆچ) ئەمڕۆ سێشەممە راپۆرتێکى لەبارەى دۆخى قەزاى شنگال لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەداوە پرۆژەى ئاوەدانکردنەوەى شنگال وەستاوە، هۆکارەکەشى بۆ ناکۆکی سیاسی لەسەر بەڕێوەبردنى قەزاکە گەڕاندووەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەى بەوەدراوە کە ڕێکخراوەکە پرسیاریان لەبارەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکان کردووە، باسیان لەوە کردووە کەمى خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەربەستى بەردەم گەڕانەوەیانە بۆ شنگال، ئەوە جگە لە ناسەقامیگیریی دۆخى ئەمنی و قەرەبوو نەکردنەوەى خاوەنی ئەو خانووانەى لە سەردەمى دەسەڵاتى داعشدا خاپوور بوون.
ساڵى 2014 تاوەکو 2017 قەزاى شنگال لەلایەن رێکخراوى داعش داگیرکرا، بە هۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارە بوون، کوژران یانیش لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رفێندران.
هیومن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە خوێندنى گشتى بە ئاسانى دەستەبەر نییە، بەهۆى خاپووربوونى قوتابخانەکان، هەندێک لە قوتابخانەکان قوتابی چەندین گوند پێکەوە لە خۆدەگرن، ئەوە جگە لەوەى هەزاران مامۆستا هێشتا ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە شنگال.
لەم بارەیەوە حەسەن ساڵح موراد، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە: "206 قوتابخانە لە شنگال هەن، بەڵام تەنیا 96یان کراونەتەوە، هەندێک لە قوتابخانەکان 600 بۆ هەزار قوتابى تێیدا دەخوێنن، لەکاتێکدا تواناى 400 قوتابیان هەیە."
هەروەها سەبارەت بە بوونی نەخۆشخانەو چاودێری تەندروستی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، فەرمانگەى تەندروستیی شنگال کێشەى کەمیی کارمەندى هەیە، ئەوە جگە لە خاپووربوونى ژێرخانى تەندروستى، تەنیا دوو نەخۆشخانەى گشتى لە شنگال و ناحیەى سنوونێ هەن.
د. دڵشاد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى گشتیى شنگال دەڵێت: "لە کاتى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا زیان بەر نەخۆشخانەکان کەوتووە، بەدواى جێگرەوەیەکى بچووکدا دەگەڕێین، 53 قەرەوێڵەمان هەیە، لەکاتێکدا پێشتر 130 قەرەوێڵە بوون".
ئەو نەخۆشخانانەى شنگال توانایان بۆ چارەسەرى تەندروستى سنووردارە، بۆ دۆخە لەناکاو و نەخوازراوەکان یان نەخۆشییە قورسەکان، دانیشتووانى قەزاکە دەبێت دوو بۆ سێ کاژێر ببڕن تاوەکو بگەنە پارێزگاى دهۆک یان شارى موسڵ.
بەگوێرەى راپۆرتەکە خراپیی کەرتى کارەبا یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى قەزاى شنگال، کە بەگوتەى هەندێک لە ئاوارە گەڕاوەکان، لە شەو و رۆژێکدا تەنیا 10 کاژێر کارەبا هەیە.

