دادگای ئەوروپا: تورکیا لە پرۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاشدا یاساکانی پێشێل کردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند تورکیا لە پرۆسەی دادگاییکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانیدا یاساکانی پێشێل کردووە و تورکیای ئیدانە کرد.

سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە حەوت ساڵە لە زینداندان، سکاڵایەکیان لەدژی دادوەری تورکیا تۆمار کرد کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا مافەکانیان پێشێل کراوە و هاوکاری یاساییان وەرنەگرتووە.

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی سکاڵاکەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئاشکرا کرد. دادگاکە رایگەیاند کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا بەگوێرەی یاسا ناوخۆییەکانی تورکیا، مافی دەمیرتاش و یوکسەکداغ پێشێلکراوە و وتی، مافی تانە و سکاڵا بە هەردوو کەسایەتیەکە نەدراوە.

پارێزەرنی دەمیرتاشیش رایانگەیاندبوو کە بەرپرسانی زندان چاودێری وردی چاوپێکەوتنی پارێزەران لەگەڵ دەمیرتاش و یوکسەکداغ دەکەن و دەست بەسەر بەڵگەی پارێزەراندا دەگرن. 'پێویستە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن' مەراڵ دانش بەشتاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لەم بارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و وتی، جارێکی دیکە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاریدا کە تورکیا مافی یوکسەکداغ و دەمیرتاشی پێشێلکردووە. چونکە تورکیا بە بارمتە هێشتنەوەی یوکسەکداغ و دەمیرتاش لە زینداندا، بە بەردەوامی یاساکان پێشێل دەکات.

بەشتاش باسی ئەوەی کرد کە داواکاری ئازادکردنیان بە بەردەوامی پشتگوێ دەخرێت. بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی یاساکە. هێشتنەوەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە زینداندا کە ئیرادەی ملیۆنان هاوڵاتین، رەتکردنەوەی ئیرادەی ئەو هاوڵاتیانەیە. پیویستە بۆ ساتێکیش لەبیر نەکرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ بە تەنیا نین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار