هاوڵاتیەکی تەمەن 41 ساڵ بەکوژراوی لەماڵەكەی خۆیدا دۆزرایەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 7-6-2023، لە گەڕەكی شەهیدانی سەرچناری سلێمانی، كەسێكی تەمەن 41 ساڵ لە ماڵەكەی خۆیدا کوژرا. پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "لێكۆڵینەوە دەستیپێكردووە، بەڵام بكوژەكە دەستگیر نەكراوە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 2:30 خولەک هێزە ئەمنیەکان و تیمەکانی تەندروستی سلێمانی ئاگادارکرانەوە لەبونی تەرمی هاوڵاتییەک لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی کە ئاسەواری گوللـە بەجەستەیەوە بوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو پیاوەی کوژراوە ناوی ( سەمەد عارف تەمەن ٤١ ساڵ ) لە ماڵەکەی خۆیدا بە سێ فیشەک کوژرا، کە فیشەکەکان بەر دەست و سەری و سنگی کەوتووە.
هەروەها باوکی سێ منداڵی کوڕە و کاری فرۆشتنی ئاژەڵی دەکرد، دوای ڕوداوەکەش تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لەوێیە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.

