ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و چەند تەوەرێکی تر دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ - ٢٠٢٥، بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا چوار تەوەر تاوتوێ دەکرێن: تەوەری یەکەم، تایبەت دەبێت بە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە.
تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە کاتێکدایە، کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دیاریکراوە کە سبەی پێنجشەممەیە، بەڵام هێشتا کۆی پڕۆژەیاساکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەدراوە.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان و رێنمایی نوێی شارەوانی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکەن.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دیاردەکانی سیمکارتی بێخاوەن، ئۆتۆمبیلی تۆمارنەکراو و چەکی بێمۆڵەت، ھەروەھا بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەغەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان دەخرێتەڕوو.

