هەوكردنی پەردەی مێشك لەهەرێمی كوردستان هێشتا تۆماردەكرێت
لەسلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان زیاتر لە 100 نەخۆش خەوێندراون

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەهەرێمی كوردستان 110 منداڵ بەهۆی نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك لەنەخۆشخانە هێڵدراونەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەتەندروستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان دەستی هاوڵاتی كەوتووە، لە پارێزگای هەڵەبجە 40 نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك لەنەخۆشخانە خەوێندراون و لەگەرمیانیش 20 نەخۆش لەنەخۆشخانە خەوێندراون.
هاوكات لە سلێمانی بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی منداڵان نزیكەی 50 نەخۆش لەو نەخۆشخانەیە بەهۆی هەوكردنی پەردەی مێشك خەوێندراون، ڕۆژانەش بەشێك لەو منداڵانەی ڕەوانەی نەخۆشخانەكە دەكرێن بەهۆی سكچوون و ڕشانەوە پشكنینیان بۆ دەكرێت و بەشێكیان كە دۆخیان باشە چارەسەر وەردەگرن و ڕەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە.
نیشانە دیارەکانی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە منداڵی خوار تەمەنی 3 مانگ بریتین لە
- کەمبوونەوەی شیرخواردن
- رشانەوە
- نیگەرانی و بێزاری و گریانی زۆر
- تای بەرز
- دابەزینی پلەی گەرمیی لەش و بێهێزبوون
- هاتنە دەرەوەی مەڵاشو
ئەو نیشانانە لە منداڵی گەورەتر بریتین لە
- رشانەوە و دڵ تێکهەڵاتن
- سەرئێشە
- نیگەرانبوون بە رووناکی
- نیگەرانی و بێزاری
- تای بەرز کە رەنگە ببێتە هۆی گەشکە
- رەقبوونی مل

