بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان کارمەندانی پاککەرەوەی ئاکرێ بایکۆتیان ڕاگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەهۆی ئەوەی سێ مانگ و هەشت رۆژە کارمەندانی پاککەرەوە لەئاکرێ مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمرۆ پێنجشەممە دەستیان لە کارکردن هەڵگرت و بایکۆتیان ڕاگەیاند.
بڵند رەزا زۆبێر سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە هاوڵاتی ی وت" کۆمپانیای MRF کە تایبەتە بەکاری پاککەرەوەی شاری ئاکرێ ، شەش مانگە هیچ بڕە پارەیەکی له حکومەت وەرنەگرتووە بۆ پێدانی موچەی ئەو کارمەندانە".
وتیشی، "ئەو کۆمپانیایە موچەی مانگی 2،1،12 ی لەسەر گیرفانی خۆی بە کارمەندەکانی داوە، و کۆمپانیەکە دەڵێت چیتر ناتوانن پارە بە کارمەندەکان بدەن"
بڵند رەزا زوبێر ئەوەشی ڕونکردەوە کە " پارە بۆ ئە کۆمپانیایە خەرجکراوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەڵام هێشتا نوسراوەکە نەگەیشتووەتە خەزینەی ئاکرێ بۆیە تا ئێستا پارەیان وەرنەگرتووە".
ڕاشیگەیاند، "نازانین کەی مووچەی ئەو کارمەندانە دەدرێت و پێدانی پەیوەندی بەو کاتەوەیە کە حکومەت پارە بۆ کۆمپانیای MRF دەبین دەکات "

