چوارچێوەی ھەماھەنگی: لایەنەکان سورن لەسەر ئەوەی ئەمشەو بودجە پەسەندبکرێت

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چوارچێوەی ھەماھەنگی دووپاتیکردەوە، لایەنەکان سورن لەسەر ئەوەی لە دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدەن.
مەھدی تەقی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوامە، سەرجەم لایەنەکانیش سورن لەسەر ئەوەی ئەمشەو دەنگی لەسەربدرێت و دوانەخرێت.
وتیشی، کەشی گفتوگۆکان ئەرێنییە و گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
جەختیشیکردەوە، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان لایەنەکاندا ھەیە و کۆدەنگی و رێککەوتنی سیاسی لە ئارادایە بۆ تێپەڕاندنی بودجە بەزووترین کات.
هاوکات، لە ئێستادا سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق (جگە لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ) لە باڵەخانەی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی رەشنووسی بودجەی عێراق و مادەکانی 13 و 14. فراکسیۆنی نەوەی نوێش دەنگ بە رەشنووسەکە نادات ئەگەر گێڕانەوەی رێژەی 10٪ـی پاشەکەوتی مووچەی تێدا نەبێت.
بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى عێراق؛ لەدواى دەنگدان بە پڕۆژەیاساى بودجە، ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەى بخرێتە دەنگدانەوە.
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى نزیکەى 199 تریلیۆن دینارە و زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.

