تۆمەتبارێک دەستگیرکرا, بە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ پارەی لەچەندین کچ سەندووە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی تایبەتی لەکچێک کردبوو.
پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە: دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆ تایبەتییەکانی لەکچێک کردبوو، ھەروەھا بڕی ھەشت ھەزار دۆلار (٨٠ وەرەقە)و بڕێک ئاڵتونی لەکچەکە سەندبوو، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت: دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی زەڕایەنی سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزوورەوە دەستگیربکرێت.
بەوتەی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو پێشینەی تاوانی دیکەی ھەیە، ھەروەھا دانی بەوەدا ناوە کە لەژێر ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیی تایبەتیدا، پارەو ئاڵتونی لەچەند کچێکی تر سەندووە.
پۆلیسی سلێمانی لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: لەئێستادا تۆمەتبار (ھ، س، م) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی٢ لەیاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

