دایک و کەسوکاری شەهیدانی رۆژهەڵات دەستگیر دەکرێن
لە رۆژێکدا زیاتر لە 40 کەسی ئەندامی خێزانی شەهیدانی رۆژهەڵات دەستگیر دەکرێن

کەسوکاری شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان
2 ساڵ لەمەوپێش
ژمارەیەک لە کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر دەکرێن و سەرچاوەکانی هەواڵیش ئاماژە بە دەستگیرکردنی چوار منداڵ دەکەن.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ دوێنێ هەینی زیاتر لە 40 کەس لە ئەندامانی خێزانی شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات لە رێگای نێوان سەقز و بۆکان لە ناو دوو پاسدا بون دەستگیر کراون.
ئاماژە بەوە کراوە؛ دایکانی شەهیدانی رۆژهەڵات و کەسوکاری کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو بەشە لە کوردستان بەشدارییان لە رێوڕەسمی یادی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی سەقز و بۆکان کردوە و دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندوە؛ زیاتر لە 30 ئەندامی خانەوادەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی سنە و دیواندەرە و دێولان دەستگیر کراون و لە ناو دەستگیرکراوندا چوار منداڵ هەیە.
لە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی لانیکەم 140 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و رۆژانە لە بۆنە و رێوڕەسمەکاندا خەڵک سەردانی گڵکۆی ئەو کوژراونە دەکەن و هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش هەوڵی رێگریی لە بەڕێوچونی رێوڕسمەکان دەدەن.
