ئەو هاوڵاتییەی باکوری کوردستان کە لە سلێمانی بریندارکرا، گیانی لەدەستدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ حسێن ئاراسان دوای 17 کاتژمێر مانەوەی لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، کە دوێنێ لە روداوێکدا تەقەی لێکرا و بە سەختی برینداربو.

بەگوێرەی زانیاریەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە حسێن ئاراسان، ئەندامی رێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستداوە و لەئێستادا تەرمەکەی براوەتە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی و بڕیارە سبەینێ مەراسیمێک لەلایەن هاوڕێ و کەسوکاریەوە بەڕێوەبچێت و دواتر تەرمەکەی بەخاک دەسپێردرێت.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی لەبەردەم بارەگای میزۆپۆتامیا تەقە لە ئەندامێکی رێکخراوەکە بەناوی (حسێن ئاراسان) کراوە و بەهۆیەوە بەسەختی برینداربوە، دوای روداوەکەش هاوڕێکانی گەیاندویانەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.

ئەو ئەندامەی میزۆپۆتامیا کە تەقەی لێکرا، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان بوو، ساڵانێکە لە شاری سلێمانی دەژی، ناوی تەواوی حسێن ئاراسان’ـە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە ئیزمیر لە دایک بووە و خەڵکی شاری ماردین بووە .

ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانیش تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژەکەیەوە نەدرکاندووە.

هاوکات ساڵی رابردووش، زەکی چەلەبی، سەرۆکی رێکخراوەکە کە رێستۆرانتی هەبوو، لە شەقامی بەختیاریی سلێمانی تەقەی لێکرا و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار