هەدەپە: پشتگیری هێزە هەرێمیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێت میت ناتوانێت کەس تیرۆر بکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەبنە ئامانجی میتی تورکیا پەنابەرن و لەژێر ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندان.

ناهیدە ئەرمیش نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان لەبارەی تیرۆرکردنی هاوڵاتیانی باکوری کوردستان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی فورات قسەی کرد و رایگەیاند، هەندێک هێزی کوردی هاوبەشی هاوکاری میتی تورکیا دەکەن.

ئەرمیش باسی ئەوەی کرد کە ئەوان وەک هەدەپە لەبارەی هێرشکردنە سەر وڵاتپارێزان و شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان، سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارتی و یەکێتی کردووە، بەلام بە داخەوە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە. لەبەرئەوەی هەندێک هێز لەگەڵ میتدا کار دەکەن و ئەگەر ئەو هاوکاریە نەبێت، میت ناتوانێت هێرش بکاتە سەریان.

نوێنەری هەدەپە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، " ئێمە داوامان کردووە کە هەموو لایەنەکان دەست لەناو دەست بکەین و لەدژی بکوژان هەڵوێست وەربگرین. خاوەن هەڵوێست و بۆچوونێک بین کە بەرژەوەندی کوردستان بپاریزین. بەرژەوەندیە گشتیەکان نەکەینە قوربانی بەرژەوەندیە بچووکەکان."

ناهیدە ئەرمیش نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، " ئەوان وەک هەدەپە و خانەوادەی ئەو کەسانەی کە تیرۆرکراون، هەوڵ دەدەن، بکوژان سزا بدرێن و داوای لە هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان کرد کە هەوڵی ئاشکراکردنی بکوژان و سزادانیان بدەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار