کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکاتەوە
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەبێتە سێیەم کۆبوونەوە بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە.

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە و تاوەکو ئێستا ناکۆکی لەنێوان لایەنە کوردیەکان پەیوەست بە مامەڵەی پارێزگاکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەیە و بڕگەی 10%ی پاشەکەوتی موچە بەفەرمی لانەبراوە و دەخرێتە دەنگدانەوە.
شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو، کە تێیدا دەنگ بە مادەکانی 2، 9، 10، 11، 12، 13 و 18 درا؛ مادەی 14 کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها مادەکانی 15، 16 و 17 کە ناکۆکیی نێوان پکهاتەکانی دیکەی لەسەر بوو، دواخرا.
شەوی رابردوو مادەکانی 12 و 13ـی پڕۆژەیاسای بودجە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان پەسند کران؛ لە مادەی 12دا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ وەکو رێککەوتنی لەسەر کرابوو دەنگی لەسەر درا.
مادەی 13ش بەمشێوەیەی خوارەوە پەسەند کرا:
- یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی هەموو ساڵێک هاتووە.
دووەم:
-أ- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بە بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی، لانیکەم کەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. کۆمپانیای سۆمۆ ئەو بڕە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بە هەمان میکانیزمەکانی کۆمپانیاکە دەنێرێتە بەندەری جەیهان.
-ب- ئەگەر هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، نەکرێت، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە دەدات بە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوت دیاری دەکات.
ج- وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەدات کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق.
د- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.
ه- وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش مانگانە ژمێرەی کۆتایی بدات بە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ ئەوەی بخرێتە نێو ژمێرەی کۆتایی دەوڵەت، یەکلاییکردنەوەی ماف و پابەندبوونە نانەوتی و نەوتییەکانی هەردوولا دەکرێت دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی وەرزی دەبێت.
و- قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکە حکومی و تایبەتەکانە، مانگانە بە قیست لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دانەوەی ئەو قەرزانە لە ساڵی 2023ەوە و دەستپێدەکات لە ماوەی حەوت ساڵ دەدرێنەوە.
هاوکات مادەی 14 کە بەهۆی ناکۆکییەوە لەسەری بۆ ماوەیەک کۆبوونەوەی پەرلەمان راگیرا، دوو جۆر ناکۆکی لێکەتووەتەوە. یەکێکیان لە نێوان فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنی یەکێتی و چەند فراکسیۆنێکی دیکە؛ ئەوەی دیکە لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لایەنە عێراقییەکانی دیکە.
مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
پڕۆژەیاسای بودجە 67 مادەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە نێردراوەتە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر هەیە ژمارەی مادەکان گۆڕانکارییان تێدابکرێت.
