ئایا ئەمرۆ بودجە تێدەپەڕێ؟یاخود سیاسیەكان یەكلایی دەكەنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە كە بڕیاربوو ئەمڕۆ تەواو بكرێت تا ئێستا دەستیپێنەكردووەتەوە، پەرلەمانتارێكیش هۆكارەكەی بۆ رێكنەكەوتنی سیاسیەكان دەگەڕێنێتەوە.
حەیدەر سەلامی سەرۆكی كوتلەی ئیمتیداد لەپەرلەمانی عێراق بەسۆمەریەنیوزی ڕاگەیاندووە تائێستا هیچ ڕێككەوتنێك سەبارەت بە ماددە ناكۆكیی لەسەرەكانی پرۆژەی بودجە نییە و بەدووریشی دەزانێت ئەمڕۆ تێبپەڕێت.
سەلامی دەڵێت: ئەو ماددانەی ناكۆكییان لەسەرە تائێستا تێنەپەڕێندراون ئەمەش بووەتە هۆی درەنگكەوتنی پەسەندكردنی بودجە و رێككەوتنی سیاسی لەبارەوە دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "هەرچەندە 10 ڕۆژە ڕەشنوسی پرۆژەی بودجە لەدەستی سیاسیەكاندایە بەڵام هێشتا ناكۆكن لەسەری، بۆیە پێشبینی دەكرێت پرۆژەكە بدرێتە دەست لیژنەی دارایی بەبێ هیچ دەستێوەردانێك".
سەبارەت بەو ماددانەی ئەمڕۆ دەنگدان لەسەریان دواكەوت، سەلامی ئاماژەی بەوەكردووە "كاتی دەنگدان لەسەریان تائێستا ڕوون نییە چونكە زۆرێك لەبابەتەكان لەپەرلەمانتاران دەشاردرێتەوە و بەدەستی كۆمەڵێك لەسەركردە سیاسیەكانەوەیە".
سەرۆكی كوتلەی ئیمتیداد بەدووری دەزانێت ئەمڕۆ بەبێ ڕێككەوتنی سیاسی ماددە ناكۆكیی لەسەرەكانی پرۆژەی بودجە تێپەڕێندرێن.
لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ماددەكانی (1-2-3-5-6-7-8-9-10-11-12-13-18-19-20-21-23-24) داوە و دەنگدانیش لەسەر ماددەكانی 14 و 15 و 16 و 17 دواخراوە وهەردوو ماددەی 4 و 22 ش سڕدراونەتەوە.
