ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و سێ بڕیار دەردەکات

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆببێتەوە و سێ تەوەری گرنگ و پەیوەست بە ژیانی خەڵک تاوتوێ بکات.
تەوەرەکان بریتین لە: یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە، پێشنیارێک سەبارەت بە قەرز و پێشینەکانی هاونیشتمانییان، هەروەها ڕێکخستنەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی تایبەت بە باج.
یەکێک لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتییە لە: تاوتوێ کردنی پێشنیاری یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە. وەزارەتی پێشمەرگە داوای کردووە کە یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان بۆ خانەنشینکردنی پێشمەرگە جێبەجێ بکرێت، لە جیاتی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2010ی عێراق.
ئەم یاسایەی هەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتی زیاتری بۆ پێشمەرگە تێدایە، لەوانە زیادکردنی مووچە، هەژمارکردنی ساڵانی خزمەت، و دانپێدانان بە بڕوانامەکان.
بەپێى زانیارییەکان ڕەزامەندیی زارەکی لەسەر ئەم پێشنیازە دراوە و چاوەڕوان دەکرێت سبەی بە فەرمی بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پێشنیازێکی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە قەرز و پێشینەکانی بانکە بازرگانییەکان. ئەم پێشینانە بریتین لە: قەرز و سولفەی هاوسەرگیری، خانووبەرە، کشتوکاڵ، بازرگانی و جۆرەکانی دیکە کە هاوڵاتیان لە بانکەکان وەریانگرتووە و تا ئێستا نەگەڕێندراونەتەوە بۆ حکومەت.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ بکرێت لەسەر چۆنیەتی و ماوەی وەرگرتنەوەی ئەم قەرزانە. بەپێی زانیارییەکان، لە بەرژەوەندیی خەڵک ڕێژەیەک لێخۆشبوون بۆ ئەم قەرزانە دەکرێت.
تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج، کە کاریگەری لەسەر کاسبکاران، پیشەوەران و کۆمپانیاکان دەبێت. حکومەتی عێراق داوای کردووە کە سیستمی باج لە هەرێمی کوردستان و ناوەند یەکبخرێت.
