چه‌ركه‌سییه‌كانى كوردستان؛ چیرۆکی دابه‌شبوون و توانەوە

12 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوە: میدیای پەنجەرە

لە گۆشەیەکی ونبووی مێژوودا و لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان، چیرۆکی توانه‌وه‌ى میلله‌تێك هه‌ڵگیراوه‌ کە بە "چەرکەس" ناسراون. گەلێک کە ژمارەیەکی بەرچاویان نیشتەجێی ئەم ناوچانەن، بەڵام چووه‌تە قۆناغی توانەوە لەنێو کورد و عەرەبدا.

د. ئەحمەد کەتاو، سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانی هەمەجۆر و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی چەرکەس له‌ عێراق، ڕووناکی دەخاتە سەر چیرۆكى ئه‌و میلله‌ته‌ى كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌سه‌ر هۆز و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا دابه‌شبوون.

چەترێکی فراوان: چیچانی، داغستانی و ئەدیغە
چه‌ركه‌سه‌كان گه‌لێكى ڕه‌سه‌نی قه‌وقازیین، مێژوویه‌كى دوورودرێژیان له‌ناوچه‌ى قه‌وقازدا هه‌یه‌. قه‌وقاز ناوچه‌یه‌كە ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئاسیا و ئه‌وروپاوه‌، له‌نێوان هه‌ردوو ده‌ریای ڕه‌ش و قه‌زوین دا.

به‌هۆكارى شه‌ڕ و كۆچپێكردن، به‌ زۆر وڵاتى ئاسیا و عه‌ره‌بییدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌: سوریا، ئه‌رده‌ن، میسر، لوبنان و به‌شێكیشیان له‌ عێراق و كوردستان گیرساونه‌ته‌وه‌.
ناوی چەرکەس تەنها بۆ یەک نەتەوە نییە، بەڵکو وەک چەترێکی فراوان چیچانی، داغستانی و ئەدیغە لەخۆدەگرێت. ئەم گەلە، لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمەوە، بەشێکیان کۆچی بەکۆمەڵیان بۆ سنورەکانی دەسەڵاتی عوسمانی ئەنجامداوە و لە عێراق، ئەردەن و سوریا نیشتەجێکراون.
بەپێی وتەی دکتۆر کەتاو، ئەم کۆچە بە سێ قۆناغی سەرەکی ئەنجامدراوە.

سەدەیەک لە شەڕ و جینۆساید: قۆناغی یەکەمی کۆچ
قۆناغی یەکەمی کۆچ، لە ساڵی 1761 دەستیپێکردووە، کاتێک شەڕێکی خوێناوی لەنێوان قەوقاز و ڕوسیای قەیسەری هەڵگیرساوە.
دکتۆر کەتاو بە ئازارەوە دەڵێت: "شەڕەکە 100 ساڵی خایاند، دواجار ڕوسیا هەموو ناوچەی قەوقازی کۆنترۆڵ کرد و 8 وڵاتی لەژێر چەتری یەکێتی سۆڤیەت کۆکردەوە." 

بەڵام دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە، ڕووداوێکی کارەساتبار ڕوویدا کە ئەویش "جینۆساید" بوو، ئەمەش ناچاری کردن کۆچی بەکۆمەڵ ئەنجام بدەن و نیشتمانی ڕەسەنی خۆیان جێبهێڵن.

هاوئاینی: هۆکاری دابەشبوون و قۆناغی دووەمی کۆچ
هاوئاینی، هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ قۆناغی دووەمی کۆچی چەرکەسەکان. ئەوان لەژێر دەسەڵاتی ڕوسیاوە بەرەو دەسەڵاتی عوسمانییەکان کۆچیان کرد، کە ئاینی هاوبەشی ئیسلام کۆیکردبوونەوە. عوسمانییەکانیش چەرکەسییەکانیان بەسەر عێراق، سوریا و ئەردەن و لوبناندا دابەش کرد، وەک بڵاوبوونەوەی تۆوێک لە خاکێکی نوێدا.

سێ برا و نەوەکانیان: چەرکەسەکانی هەرێمی کوردستان
هەرچەندە سنورەکان وەک ئێستا دیار نەبوون، بەڵام 300 ساڵ لەمەوبەر سێ برای چەرکەس ڕوویان لە خاکی ئێستای هەرێمی کوردستان کردووە.

د. کەتاو دەڵێت: "براكان ڕەنگە بەهۆی کێشەوە ڕوویان لە ئێرە کردبێت. ئێستا چەرکەسییەکانی هەرێم، نەوەی ئەوانن." 
ئه‌و باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ دواى هاتنیان، تێكه‌ڵ به‌ كورد بوونه‌ و له‌نێویدا تواونه‌ته‌وه‌. ده‌ڵێت: "چوچانییەکانی سلێمانیش چیچانی و چەرکەسن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە چەرکەسییەکانی پارێزگای دیالە، نازناوی خۆیان بۆ 'عەزاوی' گۆڕیووە."

"چهار کەس" یان "شەڕکەس"؟
چەند ڕایه‌ك بۆ ناوی چەرکەس هەیە کە وەک چەترێک بۆ چیچانی، داغستانی و ئەدیغە بەکاردێت. هەندێک پێیانوایە ناوەکە لە "چهار (چوار) کەس"ـەوە هاتووە، لەکاتێکدا هەندێکی تر پێیانوایە "شەڕکەس"ـە و لە وشەی "شەڕکەر"ەوە وەرگیراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوێری و قارەمانێتییان لە مێژوودا.

د. کەتاو، خۆی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ چیچان و قەوقازدا هەیە و سەردانی کەسوکاری کردووە، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی بە ڕەچەڵەک و مێژووی گەلەکەیەتی.

نکوڵییکردن لە جینۆساید: ئازارێکی بێ کۆتایی
سەبارەت بە دیدارەکانی لەگەڵ باڵیۆز و بەرپرسانی ڕوسیا، د. ئەحمەد کەتاو بە ئاشکرا دەڵێت: "لە دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیا هەیە، بەڵام وەکچۆن تورکیا نکۆڵی لە جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکەن، ڕوسیاش دان بە جینۆسایدی چەرکەسەکاندا نانێت."

چیرۆکی چەرکەسەکان، له‌لایه‌ك چیرۆکی ئازار و جینۆسایده‌، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌سه‌رهاتى میلله‌تێكه‌ كه‌ له‌نێو كو‌لتووره‌ جیاوازه‌كاندا تواوه‌ته‌وه‌ و شوێنه‌واری نه‌ماوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار