لە کۆی ٦٧ ماددەی پرۆژەیاسای بودجە ٣٦ ماددە پەسەندکراون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای پەسەندكردنی ژمارەیەك لە ماددەكانی پرۆژەیاسای بودجە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە دواخرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعات ١ جارێکی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ٣٦ ماددەیەی پرۆژەیاسای بودجە، کە ھێشتا پەسەندنەکراون.

لە میانەی دانیشتنەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەران تایبەت بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە، لە کۆی ٦٧ ماددەی پرۆژەیاساکە ٣٦ ماددە پەسەندکراون، لە نێویاندا ئەو ماددانەی تایبەتبوون بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، کە زۆرترین مشتومڕی لەنێوان لایەنە کوردستانییەکاندا لە عێراق دروستکردبوو.

شەوی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر ١٨ ماددەی پرۆژەیاسای بوودجە دا، کە بریتیبوون لە ماددەکانی ١٤ و ٢٥ تا ٤١ و دواتر لە ماددەی ٤٢دا کە تایبەتبوو بە زیادکردنی باج بۆ سەر بەنزین، غاز و نەوتی رەش مشتومڕ دروستبوو و سەرەنجام سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا بە ھەڵپەساردنی کۆبوونەوەکە.

بەگوێرەی بڕگەی یەكەمی ماددەی 14ی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 و 2024 و 2025،  داهاتی نەوت دەخرێتەسەر هەژمارێكی بانكی كە سەر بە بانكی ناوەندیە، وەزارەتی دارایی عێراقیش تەمویلی شایستە داراییەكانی هەرێم دەكات و ئەوەش دەكرێتەسەر هەژمارێك و سەرۆك وەزیرانی هەرێم مافی خەرجكردنی دەبێت.

هاوکات سەبارەت بەو بڕگەیەی کە لە مادەی 14دا بە دڵی یەکێتی پەسند کرا و پارتی لێی ناڕازییە لەلای خۆیەوە دکتۆرە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەهاوڵاتی وت: لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەنگدرا لەسەر بڕگەی ٨ لە ماددەی ١٤ کە وەک پيشنیازی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشکەشکرابوو بە لیژنەی دارایی و تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی هەرێم کە بەر لە هەرخەرجییەک پێویستە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابەشبکات بە پێی یاسا بەرکارەکان.

وتیشی: بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی پارێزگاکانی هەرێم لە بودجە دابەش دەکرێت بە پێچەوانەوە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵ پێویستە هەموو رێکارێک بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم بڕگەیە بە گرنتی تەمویلکردنیشەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار