پێشنیازێكی نوێ پاشەكەوتی موچە راگەیەندرا

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ گێڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران پێشنیازێكی نوێ کراوە، بۆئەوەی ئەگەر پابەندكردنی حكومەتی هەرێم یان بەهاوبەشی پابەندكردنی بەغدا و هەرێم بۆ دانەوەی پاشەكەوت سەریان نەگرت، ئەو پێشنیازە بخەنە دەنگدانەوە و بكرێتە ماددەیەكی پرۆژەیاسای بودجە.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر پێشنیازی یەكەمی پرۆژەیاسای بودجە كە تایبەتە بەپابەندكردنی حكومەتی هەرێم بۆ گێڕانەوەی 10%ی پاشەكەوتی موچە دەنگی لەسەر بدرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بڵێت ناتوانم لەو بودجەیەی بۆم رەوانە دەكرێت قەرزی پاشەكەوتی موچە بدەمەوە، لەهەمانكاتیشدا ئەگەر پێشنیازی دوەم كە رێژەی 12%ی پاشەكەوت و پابەندكردنی هەرێم و بەغدایە دەنگی لەسەر بدرێت، وەزارەتی دارایی دەتوانێت تانە لەو گۆڕانكاریانە بدات كە بارگرانی لەسەر حكومەت دروستكردوە، پەرلەمانیش بەبێ رەزامەندی حكومەت ناتوانێت بارگرانی دارایی دروستبكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، "پێشنیازە نوێیەكە ئەوەیە لەو زیادەیەی لە نەوت بەرمان دەكەوێت چونكە پێشتر زیادەی نەوت بەهەرێم نادرا، بەجۆرێكی دیكە لەدوای 70 دۆلاری نەوت، ئەگەر نرخەكەی زیاتر بو، لەو زیادەیە پارەی پاشەكەوتی موچە بدرێتەوە".
سۆران عومەر ئاشكراشیكرد، "رێگە نەماوە، دەبێت هەوڵی دەنگدان بۆ یەكێك لەپێشنیازەكان بدەین، چونكە دو پێشنیازەكەی دیكە رەنگە جێبەجێنەكرێن یان تانەیان لێ بدرێت"
