تەنها لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هەزار و ٤٦٦ منداڵ کاردەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بە هاوبەشی وەزیری کار و کارواری کۆمەڵایەتی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵ لەسەر شەقامەکان.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕایگەیاند، ئامارى تەواو لەبەردەستدا نییە لەبارەى زانینی ژمارەى ئەو منداڵانەى لەسەر شەقام کاردەکەن، بەڵام لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەرین و گەرمیان هەزار و ٤٦٦ منداڵ هەن کە کاردەکەن.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە شاری هەولێر و دهۆک لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئاماری منداڵانی کارکەرمان دەستبکەوێت.
کوێستان محەمەد وتیشى، لە سلێمانی هەزار و ١٠، لە هەڵەبجە ١٢١، لە ڕاپەڕین ١٢٤، لە گەرمیان ٢١١ منداڵى کارکەر لە وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى تۆمار کراون.
هاوکات ناسک ئیسماعیل، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، ساڵى ڕابردوو لە دهۆک ٥٢٢ منداڵ و لە سلێمانی ١٨٠ منداڵ لە کارکردن دوورخراونەتەوە و دیسانەوە خراونەتەوە بەرخوێندن و چاودێریی کراون.
