سوپای پاسدارن ناوچەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێم بۆردومان دەکات

گواستنەوەی تۆپ و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ رۆژهەڵات بەردەوامە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئێران دەستی بە تۆپبارانی ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و سەرچاوەکانی هەواڵی ئەو بەشە لە کوردستان ئاماژەی بەوە دەکەن سوپای پاسداران لەشێوەی لەشکرکێشی جموجۆڵەکانی زیاد کردوە.

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە: سوپای پاسدارانی ئێران لە 24 کاتژمێری رابردودا ناوچەکانی شاهۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانی تۆپباران کردوە و دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی ئەو شارانە کردوە.

رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە کە دوێنێ دووشەممە سوپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی شاهۆ لە نێوان شارەکانی سەوڵاوا و روانسەر و پاوە-ی بە چڕی تۆپباران کردوە و دواتر هێزی زۆری سەربازیی بۆ ئەو ناوچانە گواستوەتەوە.

رێکخراوەکە رایگەیاندوە؛ رون نەبوەتەوە کە هیچ جۆرە پێکدادانێکی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ هێزێکی دیکەی سەربازیدا روی دابێت تەنها لەگەل بۆردومان و تۆپباراندا چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ناوچەکانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێم گوازراوەتەوە.

باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە ناوچەکانی شاهۆ لە رۆژهەڵات پێکدادانە لە نێوان گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و سوپای پاسدارانی ئێران رویداوە و لەو شەڕەدا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە.

لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو (خۆکوژ) هێرش کراوەتە سەر سێ ناوچەی شاخاویی نزیک شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا.

پێشتر رۆژنامەی هاوڵاتی لە زاری سێ سەرچاوە لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردبوەوە کە سوپای پاسداران لە ماوەی هەفتەی رابردودا دەستی کردوە بە جموجۆڵی سەربازیی و سەکۆی موشەکیی لەو ناوچانەی رۆژهەڵات جێگیر کردوە کە سنوریان بە هەرێمی کوردستانەوەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار