ڕۆیتەرز: گفتوگۆکان سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕۆیتەرز ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردەوە کە بڕیارە عێراق و تورکیا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆی تەکنیکی بکەن سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هیواکان بۆ چارەسەرێکی خێرا کەمن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، گفتوگۆی هونەری نێوان عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هەفتەی داهاتودا دەستێدەکات.
ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە، دەڵێت، ئەم هەنگاوە بە مانای ئەوە نایەت بەمزوانە دەستدەکەنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆیە لەسەر ئاستی باڵا.
ڕاشیگەیاند، ماوەی 80 ڕۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا ڕاگیراوە و زیانەکەشی گەیشتوەتە دوو ملیار دۆلاری ئەمەریکی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ژوری نێوبژیوانی نیودەوڵەتی سەر بە دادگای پاریس بڕیاریدا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خاکی تورکیاوە نادەستورییە و لە دوای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکی ڕاگیرا.
پێشتر تورکیا ڕایگەیاندبوو هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی چاککردنی بۆرییەکانەوەیە کە بەهۆی بومەلەرزەکەی مانگی شوبات زیانی بەرکەوتووە لەم بارەیەوە بەرپرسێک لە کۆمپانیای وزەی دەوڵەتی تورکیا BOTAS بە ڕۆیتەرزی وتووە ،بۆرییەکە پێویستی بە پشکنینی تەکنیکی زیاترە پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەکە و لە ڕۆژانی داهاتوودا تێبینیەکان سەبارەت بە دۆخی بۆرییەکە بڵاودەکرێتەوە.
تورکیا لە ساڵی 2014ەوە ڕێگە بە هەرێمی کوردستان دەدات نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی جیهان بکات و بەو هۆیەوە دادگا بڕیاریدا کە پێویستە تورکیا بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات کە سەربەخۆ ڕێگەی داوە هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەبکات.
