سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رۆژهەڵات ئەنجام دەدات

چوار ئەندامی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵات برینداربون

هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی کۆسالان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

2 ساڵ لەمەوپێش



سوپای پاسداران رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ئامانجی پاکسازیی ناوچە شاخاوییەکانی سنوری نێوان رۆژهەڵات و هەرێم دەست پێکردوە و سەرچاوەکانی هەواڵیش ئاشکرای دەکەن چوار ئەندامی ئەو سوپایە بریندار بون.

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی رابردوەوە دەستی کردوە بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی کۆساڵان و شاهۆ لە سنە و کرماشان و بە وتەی فەرماندەیەکی ئەو سوپایە ئۆپەراسیۆنەکە تا پاکسازیی ناوچەکە لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت.

فەرماندەکە ئاماژەی بەوە کردوە کە ناوچەی کۆساڵان شوێنێکی ستراتیژی و گەشتیارییە بۆیە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (موحەڕەم) هەوڵی پاکسازیی ناوچەکە دەدرێت.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندوە؛ دوێنێ سێشەممە ئەندامێکی سوپای پاسدران بەهۆی پێکدادان لەگەڵ گەریلاکانی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کوژراون و هاوکات چوار ئەندامی برینداری ئەو سوپایەش رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کراون.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) رایگەیاندوە؛ لە پێکدادانێکی نێوان گەریلاکانی یەرەکە لەگەڵ چەکدارانی سوپای پاسدراندا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژراوە.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارن رەتی کردوەتەوە هیچ ئەندامێکیان لەو ئۆپەراسیۆنە یان پێکدادانانەکانیان لەگەڵ گەریلاکانی پەژاک کوژرابێت بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵات جەختیان لەوە کردوەتەوە کە سەرەڕای کوژراوێک چوار ئەندامی سوپای پاسداران پاسداران بە برینداریی رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار